کۆچی بێسەرپەرشتان؛ 20 هەزار منداڵ بە تەنیا و لە نێو شەپۆلی توندوتیژیدا گەیشتوونەتە ئەورووپا

بەهزاد ئەحمەد 45 خولەک پێش ئێستا
کاروانێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو بەریتانیا
کاروانێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو بەریتانیا

پووختەی هەواڵەکە

  • ساڵی پار 20,000 منداڵی بێسەرپەرشت وەک کۆچبەر ڕوویان لە ئەورووپا کردووە
  • نەتەوەیەکگرتووەکان: هاتنی منداڵی کۆچبەری بێسەرپەرشت بۆ ئەورووپا زیادیکردووە

هەردوو ڕێکخراوی منداڵان و کۆچ و پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، لە کۆی 31 هەزار و 100 منداڵی خوار تەمەنی یاسایی، کە ساڵی ڕابردوو بە ڕێگەی قاچاخ گەیشتوونەتە ئەورووپا، زیاتر لە 20 هەزاریان بەبێ دایک و باوک یان سەرپەرشتیار ئەو ڕێگە پڕ لە مەترسییەیان بڕیوە و زیاتر لە نیوەیان ڕووبەڕووی جۆرە جیاوازەکانی تووندوتیژی بوونەتەوە، لەوانە تووندوتیژیی جەستەیی.


ئامارەکان چی دەڵێن:

  • ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی 2024 ڕێژەی گەیشتنی منداڵان بە ئەورووپا 25% کەمیکردووە.
  •  بەڵام ڕێژەی هاتنی منداڵانی بێسەرپەرشت لە 51%ەوە بۆ 67% بەرزبووەتەوە.
  •  ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و پەنابەران ئەمە وەک پێشهاتێکی مەترسیدار ناودەبات و داواش دەکات، منداڵان بەتەنیا ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە نەکرێنەوە.
  • لە کۆی گشتیی ئەو 20 هەزار منداڵە بێسەرپەرشتەی ساڵی پێشوو گەیشتوونەتە ئەورووپا، زیاتر لە 12 هەزاریان بۆ ئیتاڵیا هاتوون، کە زۆربەیان خەڵکی میسر، ئێریتریا، بەنگلادیش، سۆماڵ و سودان بوون.
  • زیاتر لە چوار هەزار و 700 منداڵی دیکەش گەیشتوونەتە ئیسپانیا، کە زۆرینە خەڵکی جەزائیر، مەغریب، مالی و سەنیگال بوون.
  • بەشەکەی دیکەشیان کە ژمارەیان زیاترە لە سێ هەزار منداڵ و مێردمنداڵ، ڕوویان لە وڵاتەکانی دیکەی ئەورووپا کردووە.

کۆچی منداڵان لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقاوە بەرەو ئەورووپا، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسیە مرۆیی، سیاسی و نێودەوڵەتییەکان لەم چەند دەیەی کۆتاییدا. ئەم دیاردەیە بە تێپەڕبوونی کات قەبارە و شێوازی نوێی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک کە ئێستا بەشێکی بەرچاوی کۆچبەران لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی (بەتایبەت منداڵانی بێسەرپەرشت) پێکدێن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

پێشڕەو عەبدوڵا: ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا؛ زیاتر لە چوار هەزاریش گەڕاونەتەوە

وەزیرانی ناوخۆی ئەوروپا تووندکردنەوەی سیاسەتی کۆچبەرییان پەسەند کرد

بەهزاد ئەحمەد

45 خولەک پێش ئێستا