دابەزاندنى دراوى نیشتمانی لە بەرامبەر دۆلار.. لە چینەوە بۆ عێراق
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- حکومەتەکان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بەرامبەر هاوردە بەهای دراو دادەبەزێنن.
- هەندێک جار حکومەتەکان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ دابەزاندنی بەهای دراو دەبەن.
- دابەزاندنی بە ئەنقەستی بەهاکەی، کاتێک لاوازیی دراو دەبێتە چەکی ئابووری.
بەگشتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی هەر وڵاتێک وەک نیشانەیەکی لاوازیی ئابووری و دابەزینی هێزی کڕین لەلای هاوڵاتییان تەماشا دەکرێت. بەڵام لە جیهانی سیاسەتی دارایی و بازرگانیی نێودەوڵەتیدا، هەمیشە ئەمە ڕاست نییە. هەندێک جار حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکان بە ئاگاداریی و بە ئەنقەست بەهای دراوەکانیان بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دادەبەزێنن، تاوەکو وەک چەکێکی ستراتیجی بۆ پاراستنی ئابوورییەکەیان یان بەهێزکردنی ئاستی کێبرکێیە لە بازاڕەکانی جیهاندا بەکاریبهێنن.
ئەم ستراتیجە ئابوورییە بە گشتی بۆ دوو ئامانجی سەرەکی پەیڕەو دەکرێت:
- دابەزاندنی هێرشبەرانە بۆ دەستگرتن بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا.
- دابەزاندنی بەرگریکارانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە داراییەکان.
دابەزاندنی هێرشبەرانە، ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و کێبرکێی جیهانییە، وڵاتان بە ئامانجی هەرزانکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن بەهای دراوەکەیان دەشکێنن تا کاڵاکانیان لە بازاڕی جیهانیدا ڕکابەری بێت. بۆ نموونە:
چین بە ئەنقەس بەهاى یوانى دابەزاند
لە ساڵی 2015دا، لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، بانکی ناوەندیی چین بە ئەنقەست بەهای یوانی بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند. ئامانجی سەرەکی هەرزانکردنی کاڵا چینییەکان بوو لە بازاڕەکانی جیهاندا تاوەکو کێبڕکێی ڕاستەوخۆی بەرهەمە ئەمریکی و ئەوروپییەکان بکات و سستبوونی ئابووریی ناوخۆ قەرەبوو بکاتەوە.
ڤێتنام بەهای دۆنگ بە نزمی هێشتەوە
لە نێوان ساڵانی 2018-2020دا، لە سەردەمی جەنگی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین، بانکی ناوەندیی ڤێتنام بەهای دۆنگ بە نزمی هێشتەوە، کە دراوی وڵاتەکەیە. ئەم هەنگاوە تێچووی کارکردنی لە وڵاتەکەدا زۆر هەرزان کرد، و بووە هۆی ڕاکێشانی کارگە جیهانییەکان لە چینەوە بۆ ڤێتنام و بەرزبوونەوەی پێوانەیی هەناردە بۆ ئەمریکا.
تورکیا کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی پەیڕەو کرد
لە ساڵی 2021دا، حکومەتی تورکیا سیاسەتی بە ئەنقەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی پەیڕەو کرد، هەرچەندە ئەمە بەهای لیرەی بەرامبەر دۆلار لاوازکرد. ئامانجەکە گۆڕینی تورکیا بوو بۆ ناوەندێکی ئابووریی هەناردەکار و ڕاکێشانی گەشتیاران لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تێچووی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ بیانییەکان.
بەڵام لە دابەزاندنی بەرگریکارانەدا کە ئامانج لێی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانە، حکومەتەکان ناچار دەبن بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتیی ئابووری، دەستەبەرکردنی نەختینە، یان بەدەستهێنانی قەرزی نێودەوڵەتی، بەهای فەرمیی دراوەکەیان دابەزێنن. بۆ نموونە:
میسر بەهای جونەی دابەزاند
لە ساڵی 2024دا، حکومەتی میسر بەهای جونەی بەرامبەر دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند. ئەم بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی کەمیی لە ڕادەبەدەری نەختینەی دۆلار و جێبەجێکردنی مەرجە سەرەکییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) بوو تاوەکو قەرزی نوێ بۆ وڵاتەکە دەستەبەر بکات.
ئەرجەنتین 54% بەهای پێسۆی دابەزاند
لە کۆتایی ساڵی 2023شدا، حکومەتی نوێی ئەرجەنتین بە ڕێژەی 54% بەهای پێسۆی دابەزاند کە دراوی وڵاتەکەیە. ئامانج لە دابەزاندنی بەهای پێسۆ کۆتاییهێنان بوو بە جیاوازیی گەورەی نێوان نرخ فەرمی و بازاڕی ڕەش، هاندانی هەناردەکردن، و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان.
سویسرا بە ناچاری ملیاران دۆلار و یۆرۆی کڕییەوە
لە نێوان ساڵانی 2011-2015دا و لەپاش قەیرانی دارایی جیهانی، سەرمایەداران پەنایان بۆ کڕینی فرانکی سویسری وەک پەناگەیەکی ئارام برد و ئەمەش بەهای دراوەکەی زۆر بەرزکردەوە. بانکی نیشتمانیی سویسرا بە ناچاری سنوورێکی دەستکردی دانا و ملیاران دۆلار و یۆرۆی کڕییەوە تا بەشێوەیەکی دەستکرد بەهای فرانک دابەزێنێت و هەناردە و گەشتوگوزاری وڵاتەکەی لە زیان بپارێزێت.
عێراق بەهاى دینارى دابەزاند
لە حەوتى تشرینى یەکەمى 2026، حکومەتی عێراق لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا بەهای دیناری زیاتر لە 15% دابەزاند، بە پاساوی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و یارمەتیدانی عێراق بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە داراییە سەختەی تێیکەوتووە.
شمشێرێکی دووسەرەیە
دابەزاندنی بەهای دراو بە ئەنقەست شمشێرێکی دووسەرەیە، گرەوێکی گەورەیە لە نێوان بەهێزکردنی کێبڕکێی بازرگانی و درەنگکەوتنی هەڵاوسانی ناوخۆیی.
هەرچەندە ئەم چەکە ئابوورییە دەتوانێت هەناسەیەک بدات بە هەناردەکردن و کەرتی گەشتوگوزار، بەڵام هاوکات تێچووی هاوردەکردن گران دەکات و گوشارێکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر هێزی کڕین لەلای هاوڵاتییانی ئاسایی.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
فالح سارى پێشتر لە بارەى دابەزاندنى بەهاى دینار چوارچێوەى هەماهەنگى ئاگادارکردووەتەوە
بۆ فریاکەوتنی دینار؛ پەرلەمانی عێراق کارنامەکەی گۆڕی و بەرپرسانی باڵای دارایی بانگێشت دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا