فالح سارى پێشتر لە بارەى دابەزاندنى بەهاى دینار چوارچێوەى هەماهەنگى ئاگادارکردووەتەوە

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق
فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق

پووختەى هەواڵەکە

  • وەزیرى دارایی عێراق، پێشتر هەموو شتێکى لە بارەى دابەزاندنى بەهاى دینار بە چوارچێوەى هەماهەنگى گوتووە.
  • وەزیرى دارایی بۆ چوارچێوەى هەماهەنگى: بۆ چارەسەرکردنى کورتهێنان بەهاى دینار دادەبەزێنین.
  • پارێزگارى بانکى ناوەندى: بەدابەزاندنى بەهاى دینار نەختینەمان بەهێز دەکەین.
  • پارێزگارى بانکى ناوەندى: جیاوازى بەهاى دۆلار لە نێوان بانک و بازاڕدا کەمدەکەینەوە.

هێشتا ڕەشنووسى پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى عێراق، لاى سەرۆکوەزیرانە و نەخراوەتە بەردەم وەزیرەکان و لە ئەنجوومەنى وەزیران دەنگى لەسەر نەدراوە، بەڵام بڕیارى دابەزاندنى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار، دۆخى بازاڕ و هۆڵى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى بەیەکەوە شڵەقاند.


زانیارییەکانى کەناڵ8:

  • وەزیرى دارایی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان، هێڵە سەرەکییەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى بۆ پەرلەمانتاران ڕوونکردووەتەوە.
  • لە دوایین کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى کە شەوى دووشەممە بەڕێوەچوو، وەزیر لەسەر داواى خۆى ئامادەى کۆبوونەوەکە بووە.
  • فالح سارى وەزیرى دارایی لە کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى بە هەمان شێوە، ڕەوشى دارایی عێراق بەگشتى و پرسى دابەزاندنى بەهاى دینارى لە بەرامبەر دۆلار بۆ سەرکردەکانى شیعە باس کردووە.
  • بە دیاریکراوى پێى گوتوون بەهاى هەر 100 دۆلارێک دەکەن بە 150 هەزار دینار.
  • وەزیرى دارایی پاساوى بۆ دابەزاندنى بەهاى دینار ئەوەبووە، ئەو جیاوازییەى لە نێوان نرخى کۆن و نرخى نوێدا هەیە کە20  هەزار دینارە، با دەوڵەت سوودى لێوەربگرێت نەک نووسینگەکانى ئاڵوگۆڕى دراو و بازرگانان.
  • بەو جیاوازییەش چارەسەرى کورتهێنانى بودجەى پێدەکەن، تاوەکو گرفت بۆ مووچە و خەرجییەکان دروستنەبێت.
  • وەزیرى دارایی، ناکۆکییەکانیانى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى پڕۆژەیاساى بودجە ڕوونکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، تاوەکو ئێستا ڕێکنەکەوتوون.
  • وەزیرى دارایی پێى گوتوون هەرێمى کوردستان ناتوانێت 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، هەروەها ناشتوانێت داهاتى نانەوتیش ڕادەست بکات بەوپێیەى خەرجییان زۆرە.

وەڵامى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ فالح سارى چى بووە؟

وەزیرى دارایی بە سەرکردەکانى چوارچێوەى گوتووە، بڕیارى دابەزاندنى بەهاى دینار یەکێکە لەو ڕێگە چارەکان بۆ چارەسەرکردنى کورتهێنان، لە بەرامبەریشدا سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى گوتوویانە با چاوەڕێ بکەین بودجە بگاتە دەستیان.

لیژنەى دارایی چوونەتە بانکى ناوەندى عێراق

ئەمڕۆ ئەندامانى لیژنەى دارایی سەردانى بانکى ناوەندییان کردووە و پارێزگارى بانکى ناوەندى هۆکارى دابەزاندنى بەهاى دینارى بۆ پەرلەمانتاران ڕوونکردووەتەوە.

ئەوەى لە کۆبوونەوەدا خراوەتەڕوو ئەوەیە، حکومەت بۆچونی وایە ئەو20  هەزار دینارەى لە جیاوازى نرخى کۆن و نوێدا هەیە، پێشتر بەهەدەر ڕۆیشتووە، بەڵام ئەمجارە دەبێت دەوڵەت سوودى لێوەربگرێت بۆ بەهێزکردنى نەختینە.

ڕاى پارێزگارى بانکى ناوەندى:

پارێزگارى بانکى ناوەندى گوتوویەتى، هەوڵدەدەن نەهێڵن نرخى دۆلار زیاتر بەرزبێتەوە و نرخى دۆلار لە بانک و بازاڕدا جیاوازییەکى گەورە لە نێوانیاندا نەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو نرخەى ئەمڕۆ و لە چەند ڕۆژى داهاتووشدا هەیە نامێنێت و نزیک دەبێتەوە بە نرخى فەرمى.

هەروەها وتوویانە دۆلارێکى زۆر دەخرێتە بازاڕەوە، سوودێکى ئەوتۆى نییە بۆ دەوڵەت، چیتر ڕێگە نادرێت عێراق ببێتە ژینگەیەک بۆ بردنە دەرەوەى دۆلار و دەیانەوێت ئەو بەهەدەردانەى دۆلار ڕابگرن و کۆنتڕۆڵى بکەن.

لە بارەى زەرەرمەندبوونى هاوڵاتییان و داهاتە جێگیرەکان، ئەوەخراوەتەڕوو، بە گوێرەى ستاندارد هاوڵاتیى لە ساڵێکدا دووجار پێویستى بە دۆلار دەبێت بە چوونە دەرەوەى وڵات، بەڵام ئەوەى ئەوەى ئێستا لە بازاڕدا هەیە بازرگانان و لایەنە سیاسییەکان لێى سوودمەند دەبن و دەبێت ڕێگەى لێبگرن، هەموو هەوڵێک دەدەن کۆنتڕۆڵى دۆلار بکەن.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

بانکی ناوەندیی عێراق: گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار بە قازانجی پیشەسازیی ناوخۆییە

حیزبى دەعوە داواى سنووردانان بۆ بەرزبوونەوەى دۆلار دەکات

بۆ فریاکەوتنی دینار؛ پەرلەمانی عێراق کارنامەکەی گۆڕی و بەرپرسانی باڵای دارایی بانگێشت دەکات

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا