عێراق ڕەتیدەکاتەوە زیندانییە سوورییەکان ڕادەستى دیمەشق بکاتەوە

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • عێراق ڕەتیدەکاتەوە چوار هەزار زیندانیی سوورى کە گومان دەکرێت سەر بە داعش بن ڕادەستى حکومەتى سووریایان بکاتەوە.
  • حکومەتى عێراق: دەبێت لە دادگاکانى خۆمان دادگایی بکرێن.

قاسم عەبوودى، ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق، بە ئاژانسى ئەسیۆشێتد پرێسى ڕاگەیاندووە، 50 سووریی دواى ئەوەى سەلمێنرا سەر بە داعش نەبوون گەڕێنراونەتەوە، 400 سوورى دیکەش کە لە گرتووخانەکانى عێراقدان پێدەچێت بەرپرسى باڵا بووبن لەناو داعشدا.


سەلماندنى تاوانباران

  • ئاسایشى نەتەوەیی عێراق: هەر زینداییەک لەو زیندانییانەى لە گرتووخانەکاندان بسەلمێنرێت لەناو خاکى عێراقدا تاوانیان کردووە بەگوێرەى یاساى عێراقى دادگایی دەکرێن.
  • ئاسایشى نەتەوەیی عێراق: هەندێ لە زیندانییەکان لە دواتردا دەیانگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ تەواوکردى حوکمەکەیان.
  • زیاتر لە پێنج هەزار و 700 دەستگیرکراو بە گومانى پەیوەندى بە داعش، لە گرتووخانەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، لەو ژمارەیەش چوار هەزار کەسیان سووریین.
  • عێراق داوایەکى سووریاى ڕەتکردووەتەوە بۆ ڕادەستکردنى زیندانییە سوورییەکان و دادگاییکردنیان لە لە سووریا.

لە دواى هێرشى گرووپە چەکدارەکان و حکومەتى دیمەشق بۆ سەر هەردوو گەڕەکى ئەشرەفییە و شێخ مەقسودى حەلەب لە شەشى کانوونى دووەمى 2026، پێکدادانەکان لە 10ـى کانوونى دووەم گواسترانەوە بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا، بۆ ڕێگرى لە هەڵاتنى هەزاران زیندانى داعش لە گرتووخانەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە، لە ڕۆژى 21ـى کانوونى دووەمى 2026 هێزەکانى ئەمریکا پڕۆسەى گواستنەوەى زیندانییەکانیان بۆ گرتووخانەکانى عێراق دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانى گواسترانەوە بۆ گرتووخانەکانى عێراق. زیندانییەکان هەڵگرى ڕەگەزنامەى 61 وڵاتى عەرەبى و بیانیین.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

چیرۆک و وردەکاریی گواستنەوەى نزیکەى شەش هەزار زیندانى داعش بۆ عێراق

ڕووسیا ئامادەیی نیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکانی وڵاتەکەى کە لە زیندانەکانی عێراقن

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا