بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی لەنێوان پشتیوانیی و سزادا

محەمەد عەلی 6 کاتژمێر پێش ئێستا
ناڤی پیڵای، براوەى خەلاتى نۆبڵى ئاشتى، کە بەرپرسی پێشووی مافەکانی مرۆڤ بووە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دادوەر لە دادگای دادى نێودەوڵەتیی لاهاى
ناڤی پیڵای، براوەى خەلاتى نۆبڵى ئاشتى، کە بەرپرسی پێشووی مافەکانی مرۆڤ بووە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دادوەر لە دادگای دادى نێودەوڵەتیی لاهاى

پووختەی هەواڵەکە

  • خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە دادوەرێکی ئەفریقی دادگای دادی نێودەوڵەتی
  • ناڤی پیڵای ئیسرائیل بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار کردووە
  • ئەمریکا و ئیسرائیل دژی بەخشینی خەڵاتەکەن بە ناڤی پیڵای
  • چەندین وڵاتی ئەورووپی و جیهانیی پشتیوانیی لە بڕیارەکە دەکەن
  • ئەمریکا سزای بەسەر دادگای دادی نێودەوڵەتییدا سەپاند

لە شاری ئۆسلۆی نەرویج، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە ناڤی پیڵای، دادوەر لە دادگای دادى نێودەوڵەتیی، کە بەرپرسی پێشووی مافەکانی مرۆڤ بووە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەوەش ئیسرائیلی توڕەکرد و ئەمریکاشی هاندا سزا بەسەر دادگاکەدا بسەپێنێت


ناڤی پیڵای کێیە؟

ناڤی پیڵای سەرۆکایەتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانی بۆ ڕواندا کردووە و ساڵی ڕابردوو ئیسرائیلی بە ئەنجامدانى جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار کرد.

یۆرگن واتنە فریدنس، سەرۆکی لیژنەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ ڕایگەیاند، ناڤی پیڵای، تەمەن 85  ساڵ و لەدایکبووی ئەفریقای باشوور، لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ برەودان بە ئاشتی و یاسای نێودەوڵەتی ڕێزی لێگیراوە.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سەردەمێکدا کە ژمارەی جەنگ و ململانێکان لە هەڵکشاندایە و دادوەران و دامەزراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی هێرشی سیاسی بوونەتەوە، لیژنەی نۆبڵ دەیەوێت ئەوەتان وەبیربهێنێتەوە، کە توانای چارەسەرکردنی ململانێکان بێ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی، بەندە بە سەروەریی یاسای نێودەوڵەتییەوە."

لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە، مەرجێکی بنەڕەتی بۆ جیهانێکی ئاشتیخواز بریتییە لە؛ سیستمێکی یاسایی نێودەوڵەتی کە تیایدا تاوانبارانی جەنگ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و قوربانییانی دەستدرێژییەکان دادپەروەری ببینن.

دەبێت یاسا بەسەر هێزدا سەرخرێت

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد پیڵای، بەو بەرپرسیارێتییانەی تاوەکو ئێستا لەئەستۆی گرتوون "نیشانی داوە دەبێت هێز و سەروەریی یاسا بەسەر یاسای هێزدا زاڵ بێت و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەهێزترین پارێزبەندییە دژی نادادپەروەری".

گوتیرێس لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند: "خەڵاتی ئەمڕۆ، ستایشێکە بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کار بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە یاسای نێودەوڵەتی، سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ، و هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ، دەکەن".

لای خۆیەوە، تۆمۆکۆ ئاکانێ، سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کرد "بە لەبەرچاوگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی سەر یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی یاسا، بەخشینی خەڵاتەکە بە پیڵای گرنگییەکی تایبەتی هەیە".

یەکێتیی ئەورووپاش جەختی لە گرنگیی بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ئەمساڵ بە پیڵای کردەوە.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا جەختی لەوەکردەوە، پیڵای ژیانی خۆی بۆ دادپەروەری، ئاشتی و شکۆی مرۆڤ تەرخان کردووە و دەڵێت: "ئەو بەرگریکاری ستەملێکراوان، بێپەنایان، بێدەنگکراوان و پەراوێزخراوانە. بەرگریکاری سەروەریی یاسایە لە بەرامبەر هێزدا".

هەروەها سیریل ڕامافۆسا، سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور، کە ناڤی پیڵای  خەڵکی وڵاتەکەیەتی، بڕیارەکە بە "پێزانینێکی بەهێز بۆ ئازایەتی، دەستپاکی و خەباتی تەمەنێک لەپێناو دادپەروەریی" ناودەبات.

ئیسرائیل توڕەیە لە بڕیارەکە

لەبەرامبەردا حکومەتی ئیسرائیل کاردانەوەی توندی بەرامبەر لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ نیشاندا. یەکەم ڕاگەیێنراو لەوبارەیەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلەوە بڵاو کرایەوە کە تیایدا هاتووە: "ئەگەر خەڵاتێک بۆ درۆ، ڕق و قسەی هەڵبەستکراو لەبارەی کوشتن هەبووایە، ناڤی پیڵای تەنیا یەکێک لە پاڵێوراوەکان نەدەبوو، بەڵکو دیارترین پاڵێوراو دەبوو".

وەزارەتەکە لیژنەکەی تۆمەتبارکردووە بەوەی "بە شێوازێکی بێزراو خەڵاتێک وەک چەک بەکار دەهێنێت بۆ ڕەوایەتیدان بە ڕق و پێشوەختەبڕیاردان دژی ئیسرائیل".

دوای ئەوەش، بینیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و گوتی: "لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ قیبلەنمای ئەخلاقیی خۆی لەدەست داوە". دەشڵێت: "لیژنەکە گەورەترین خەڵاتی شەرەفی بەخشیوە بە ژنێکی دەمارگیر کە ژیانی پیشەیی خۆی لەسەر داهێنان و بڵاوکردنەوەی بوختانی کوشتن دژی تاقە دەوڵەتی جووەکان بونیاد ناوە".

مەراقی ترەمپ خەڵاتی نۆبڵە

کاردانەوەی توندی ئەمریکا بەرامبەر بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بە پیڵای، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆمار زۆر ئارەزووی خەڵاتەکەی دەکرد، دوا نەکەوت.

ئیدارەی ترەمپ کە بەهۆی سیاسەتەکانییەوە ڕەخنەی بە پشتگوێخستنی یاسای نێودەوڵەتی لێدەگیرا و بەهێزترین پشتیوانی حکومەتی نەتانیاهوو بوو، چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە، سزای نوێ و فراوانی بەسەر دادگای دادی نێودەوڵەتیدا سەپاند.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ هەرگیز ڕێگە نادات دادگای دادی نێودەوڵەتی، دادگایی ئەمریکییەکان بکات" و گوتیشی: "لەبەرئەوە، ئەمڕۆ ئەمریکا سزا بەسەر دادگاکەدا دەسەپێنێت. مامەڵەکان لەگەڵ ئەم دادگا یاساشکێنە قەدەغە دەکەین و لەڕێگەی بڕینی سەرچاوەکانییەوە، توانای چالاکییەکانی پەکدەخەین".

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێ دەکەن هاوپەیمانانی ئەمریکا بەشدار بن لەو ڕێکارانەی لە دژی دادگاکە دەیگرێتە بەر.

دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری سزاکانی ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی ئاڕاستەی ترەمپ و ڕوبیۆ دەکەم بۆ ئەم بڕیارە چارەنووسسازە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دادگای دادی نێودەوڵەتیدا".

ئەورووپا لەگەڵ دادگاکەن

لەبەرامبەردا هەریەک لە بەریتانیا، کەنەدا، دانیمارک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و هۆڵەندا دژی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر دادگاکە وەستانەوە و پشتیوانییان بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.

ئیدارەی ترەمپ دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەکات بە "هەوڵدانی نادادپەروەرانە و نایاسایی بۆ دادگاییکردنی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان بە تۆمەتی تاوانی جەنگ"و لەڕێگەی سەپاندنی سزا بەسەر دادوەر و داواکارە گشتییەکانیدا، ماوەیەکە هەڵمەتێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاکە بەڕێوە دەبات.

نۆبڵی ئاشتی چییە؟

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی یەکێکە لە پێنج خەڵاتە سەرەکییەکانی نۆبڵ، کە لەسەر وەسیەتی زانا و داهێنەری سویدی 'ئەلفرێد نۆبڵ' دامەزراوە.

ئەم خەڵاتە ساڵانە پێشکەش بەو کەس یان ڕێکخراوانە دەکرێت کە زۆرترین یان باشترین خزمەتیان بە برایەتیی گەلان، کەمکردنەوە و نەهێشتنی سوپا و هێزە چەکدارەکان و پەرەپێدانی ئاشتی کردووە.

خەڵاتەکە تەنیا ڕێزلێنانێکی سیمبولیی نییە، بەڵکو واتایەکی قووڵی مرۆڤایەتیی هەیە بۆ هاندانی ئاشتی لە جیهان، ئەو کەسەی خەڵاتەکە دەباتەوە، دەبێتە خاوەنی مەدالیایەکی زێڕین کە وێنەی ئەلفرێد نۆبڵی لەسەرە، لەگەڵ بڕوانامەی فەرمیی "دیپلۆمی نۆبڵ" و نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە بەرپرسێکى بوارى مافەکانى مرۆڤ

ترەمپ: شایەنی نۆبڵی ئاشتیم

محەمەد عەلی

6 کاتژمێر پێش ئێستا