خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە بەرپرسێکى بوارى مافەکانى مرۆڤ
پووختەى هەواڵەکە
- خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە ناڤی پیڵای.
- ناڤی پیڵای ئەفریقییە و دادوەرە لە دادگای دادى نێودەوڵەتیی.
- ناڤی پیڵای ساڵی ڕابردوو ئیسرائیلی بە ئەنجامدانى جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار کرد.
- لیژنەی نۆبڵ: چارەسەرکردنی ململانێکان بەبێ توندوتیژی بەندە بە سەروەریی یاسای نێودەوڵەتییەوە.
- لیژنەی نۆبڵ: مەرجێکی بنەڕەتی بۆ جیهانێکی ئاشتیخواز بریتییە لە سیستمێکی یاسایی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ هەینى، لە شاری ئۆسلۆی نەرویج، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە ناڤی پیڵای، بەرپرسی پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دادوەر لە دادگای دادى نێودەوڵەتیی، هەروەها سەرۆکایەتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانکاریی بۆ ڕواندا کردووە و ساڵی ڕابردوو ئیسرائیلی بە ئەنجامدانى جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار کرد.
ڕاوبۆچوونى نۆبڵ لەسەر پیڵاى
- یۆرگن واتنە فریدنس، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی نەرویجی ڕایگەیاند، پیڵای، تەمەن 85 ساڵ و لە دایکبووی ئەفریقای باشوور، بۆ هەوڵەکانی لە پێناو برەودان بە ئاشتی و یاسای نێودەوڵەتی ڕێزی لێگیراوە.
- لیژنەی نۆبڵ: لە سەردەمێکدا کە ژمارەی جەنگ و ململانێکان لە هەڵکشاندایە و دادوەران و دامەزراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی هێرشی سیاسی بوونەتەوە، لیژنەی نۆبڵ دەیەوێت ئەوەتان بە بیربهێنێتەوە، کە توانای چارەسەرکردنی ململانێکان بەبێ بەکارهێنانی هێز یان توندوتیژی، بەندە بە سەروەریی یاسای نێودەوڵەتییەوە."
- لیژنەکە: مەرجێکی بنەڕەتی بۆ جیهانێکی ئاشتیخواز بریتییە لە؛ سیستمێکی یاسایی نێودەوڵەتی کە تیایدا تاوانبارانی جەنگ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و قوربانییانی دەستدرێژییەکان دادپەروەری ببینن.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی یەکێکە لە پێنج خەڵاتە سەرەکییەکانی نۆبڵ، کە لەسەر وەسییەتی زانا و داهێنەری سویدی 'ئەلفرێد نۆبڵ' دامەزراوە.
ئەم خەڵاتە ساڵانە پێشکەش بەو کەس یان ڕێکخراوانە دەکرێت کە زۆرترین یان باشترین خزمەتیان بە برایەتی گەلان، کەمکردنەوە و نەهێشتنی سوپا و هێزە چەکدارەکان و پەرەپێدانی ئاشتی زانست و زانیارى کردووە.
خەڵاتەکە تەنیا ڕێزلێنانێکی سیمبولیی نییە، بەڵکو واتایەکی قووڵی مرۆڤایەتیی هەیە بۆ هاندانی ئاشتی لە جیهان، ئەو کەسەی خەڵاتەکە دەباتەوە، دەبێتە خاوەنی مەدالیایەکی زێڕین کە وێنەی ئەلفرێد نۆبڵی لەسەرە، لەگەڵ بڕوانامەی فەرمیی "دیپلۆمی نۆبڵ" و نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
60 خولەک پێش ئێستا