غوێران و نەشوە، ئەو دوو گەڕەکەى نایانەوێت حەسەکە ئارام بێت
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- دانیشتووانى دوو گەڕەکى حەسەکە لە دژى هاونیشتمانییانى کورد خۆپیشاندان دەکەن.
- سووکایەتییان بە سیمبولەکانى کورد کردووە و هەوڵى هەڵکوتانە سەر ماڵانیان داوە.
- بۆ ڕێگرى لە پشێوییەکان هێزى ئەمنى لەناو حەسەکە بڵاوى پێکراوە.
هاوڵاتییانی عەرەبی هەردوو دوو گەڕەکی غوێران و نەشوە، لەژێرناوى جێبەجێکردنی سەروەریی دەوڵەت، هەڕەشەی جۆراوجۆر لە کوردانى حەسەکە دەکەن و لە خۆپیشاندانەکانیاندا سووکایەتى بە هاونیشتمانییان و هێزە کوردییەکانیش دەکەن.
دەستپێکى خۆپیشاندانى دانیشتووانى دوو گەڕەکەکە:
- 2ـی ئەم مانگە یەکەم خۆپیشاندانیان کرد.
- ئاڵای سووریا و هەندێک ئاڵای دیکەیان بەرزکردەوە.
ئامادەکارى بۆ هەڵکردنى ئاڵاى سووریا
ڕۆژى پێنجشەممەی ڕابردووش لەکاتێکدا ئیدارەی شاری حەسەکە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پارێزگاکە ئامادەکاریی بۆ هەڵکردنی ئاڵای سووریا لەبەردەم باڵەخانەی دادگای شارەکە دەکرد، جارێکی دیکە بەشێک لە عەرەبەکان کۆبوونەوە و هەڕەشەیان لە کورد کرد.
دوای کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانی عەرەبەکان، ژمارەیەک گەنجی کورد دژی سووکایەتیکردن بە سیمبولەکان، خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام لە خۆپیشاندانەکەدا ئاڵۆزى دروستبوو هێزە ئەمنییەکان بەبێ جیاوازی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەسى سڤیلى ئەو شارە برینداربوون و زیانیش بەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوت.
13 کەس دەستگیرکراون
بەگوێرەی زانیارییەکانى کەناڵ8، لە ئۆپراسیۆنى هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆوە تاوەکو ئێستا، 13 کەس بەتۆمەتى تێکدانى ئارامیى شارەکە دەستگیرکراون، بەگوێرەى سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە گشتییەکان و گوتنەوەى دروشمی توندوتیژی و پێشێلکردنی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک.
دواى نوێژی هەینى، جارێکى دیکە بەشێک لە هاوڵاتییانی عەرەبى ئەو دوو گەڕەکەى حەسەکە، خۆپیشاندانیان کردەوە و بەنیازبوون بچنە ناو گەڕەکە کوردنشینەکان و گۆڕەپانە گشتییەکانی شارەکە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆوە ڕێگرییان لێکرا، لە ئێستاشدا هێزێکی زۆری ئەمنی لە شارەدا جێگیرکراون.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
حەسەکە بە دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ڕێگری لە پێکدادانی نێوان پێکهاتەکان دەکرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا