گولـلەبارانکردنی پزیشکێک لە پەخشی ڕاستەوخۆدا کۆشکی سپی دابەش دەکات

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • وەزارەتى جەنگى ئەمریکا دەیەوێت تاوانبارێک لە پەخشى ڕاستەوخۆدا گولـلەباران بکات.
  • ئەم پرسە مشتومڕ و ناکۆکى خستووەتە ناو ئیدارەى کۆشکى سپى، بەتایبەت لەنێوان ڤانس و ھێگسێت.
  • تاوانبارەکە پزیشکێکی دەروونیی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە و دەگوترێت 13 سەربازى ئەمریکا کوشتووە.

بڕیارە ڕۆژی 3ـی کانوونی یەکەم، لە پەخشی ڕاستەوخۆدا پزیشکەکە گولـلەباران بکرێت، ڕۆژنامەوانان بە جیا پرسیاریان لە هەریەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و پیت ھێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا کرد، ئەوان پێچەوانەى یەکدى قسەیان کرد.


لێدوانى جەی دی ڤانس:

  • نازانم لە ڕاستیدا پەخشکردنى گولـلەبارانکردنەکە ڕوودەدات یان نا.
  • ئەگەر گوللـەبارانکردنەکە پەخش بکرێت، تەماشای ناکەم.

لێدوانى پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا:

  • بەبێ گومان ڕاستەوخۆ تەماشای گوللـەبارانکردنەکە دەکەم.

ناڕەزایەتى دیکە هەیە

بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا هۆشدارییاندا لەوەی کە پەخشکردنی ڕاستەوخۆی ئەو ڕووداوە دەکرێت ببێتە "ئامڕازێکی هاندەر بۆ زیادبوونی تیرۆریستان"، پیاوانی ئایینیش ڕەخنەی توندیان لەو بڕیارە گرت و  قەشەیەکی بەناوبانگی کاسۆلیکی ئەمریکیش پلانەکەی بە "دڕندانە" ناوبرد.

ناکۆکییەکانى ناو کۆشکى سپى:

لێدوانە جیاوازەکانی ناو ئیدارەکەی ترەمپ جارێکی دیکە بووە هۆی دەرخستنى ناکۆکییەکانی پێنتاگۆن و تیمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەتایبەتیش لەنێوان ڤانس و هێگسێت، کە زۆرجار وەکو دوو ڕکابەر بۆ جێگرەوەی ترەمپ و بەربژێری گریمانەیی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناویان هاتووە.

ترەمپ هەڵوێستى ڕوون نییە

لەم نێوەندەشدا ترەمپ هەڵوێستێکی ڕوونی سەبارەت بە پەخشکردنی گولـلەبارانکردنەکە ئاشکرا نەکردووە و کەمێک بە دوودڵییەوە باسی پلانەکەی کرد، بەڵام ئەوەی نەشاردەوە کە نیزال حەسەن شایەنی گولـلەبارانکردنە و بە "شێت" ناوی برد، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا پشتگیری لە پەخشکردنی ڕاستەوخۆی گوللـەبارانکردنەکە دەکات یان نا.

نیزال حەسەن کێیە؟

نیزال حەسەن، پزیشکێکی دەروونیی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە بەهۆى کوشتنی 13 سەربازی ئەمریکی لە بنکەی سەربازیی فۆرت هوود لە ساڵی 2009دا، حوکمى گولـلەبارانکردنى بۆ دەرچووە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

جەنگى ئێران ململانێى لەناو کۆشکى سپى دروستکردووە

جەى دى ڤانس دژە جەنگەکەى ناو کۆشکى سپى

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا