تەنیا مووچە گرەنتییە؛ شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە دۆسییەکی قورس و داواکاری نوێوە دەچێتەوە بەغداد
پووختەی هەواڵەکە
- شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان ئەم هەفتەیە دەچنەوە بەغداد
- دیلان غەفوور دەڵێت، تەنیا مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا گرەنتیکراوە
- دۆسیەى نەوت و گلدانەوەى نەوتى خاو بۆ بەرهەمە نەوتییەکان یەکلانەکراونەتەوە
- خەرجیی سیادى و پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەی بودجەى عێراق یەکلانەکراوەتەوە
- دۆسیەکانى دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنى گرێبەستەکان یەکلانەکراوەتەوە
شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان ئەم هەفتەیە دەچێتەوە بەغداد بۆ تاوتوێکردنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بودجەى 2027ـى عێراق.دیلان غەفور، ئەندامى لیژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، " لەگەڵ شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆمان کردووە و ئەوەى تاوەکو ئێستا گرەنتیکراوە تەنیا مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە".
جگە لە مووچە هیچ گرەنتی نەکراوە
ڕاشیگەیاند، "پرسەکانى دیکەى پەیوەست بە بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان هیچى گەرەنتیکراو نییە و ئەم هەفتەیە کە شاندەکە دێنەوە بۆ بەغداد لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق و ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆى لەسەر دەکەن".
دەربارەی بودجە چی دەگوزەرێت؟
- پێشتر کەناڵ8، ئاشکرایکرد، کە چەندین ئاڵنگارى ڕووبەرووى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بووەتەوە لە بەغداد.
- سەرەڕاى ئەوەى شاندى تەکنینى دارایی هەرێمى کوردستان لە دوو توێى 15 لاپەرەدا بە وردى داتاکانى ڕادەستى لیژنەى باڵاى ئامادەکردنى بودجە کردبوو، بەڵام بەغداد داواى داتاى نوێى لە شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان کردووە.
- شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان، لەسەر چەندین دۆسیەى پەیوەست بە بەشە بودجە لە گفتوگۆدا دەبن تاوەکو داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2027ـى عێراق جێگیر بکرێت.
شاندەکە لە کێ پێکهاتوون؟
- ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنی وەزیران.
- ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران.
- عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
- بریکارى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و پلاندانان.
- بەرێوەبەرى گشتیی بودجە لە وەزارەتى دارایی.
گفتوگۆی جددى و بونیادنەر
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى جەختى لەوەکردووەتەوە، گفتوگۆکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بەشێوەیەکى "جددى و بونیادنەر" بەڕێوەچوون و هەندێک خاڵ پێشکەوتنیان بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام چەند پرسێکى بنەڕەتى ماون، کە پێویستیان بە چارەسەرى هاوبەش هەیە.
جگە لە پرسی مووچە، کۆى پرسەکانى دیکە هێشتا لەگەڵ بەغداد یەکلانەکراوەتەوە
- بەغداد پشکی هەرێمی کوردستانی بە ڕێژەی 12.70% لە پرۆژە بودجەى 2027 دیاریکردووە و هەرێمى کوردستان داواى پشکى 14.14% لە بودجەى گشتیی عێراق دەکات.
- هەرێمى کوردستان داوا دەکات بڕگەى (انفاق الفعلي)خەرجیى ڕاستەقینە لە بودجەدا لاببرێت، بەڵام وەک خۆى ماوەتەوە.
- هەرێمى کوردستان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ لەبارەى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات، کە تواناى 280 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەى هەیە، بەغداد داواى 400 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى ڕۆژانە دەکات.
دۆسیەی نەوت
هەروەها لە گفتوگۆکانى ئەمجارەدا هەرێمى کوردستان داوایکردووە پێداویستیی ناوخۆیی لە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمە نەوتییەکانى بەنزین و گازوایل و نەوتى سپى زیاد بکرێت، لانى کەم بۆ 90 هەزار بەرمیل، بەڵام هێشتا بەغداد ئامادە نییە زیادی بکات.
بودجەی سیادی
هەرێمى کوردستان داواى کردووە لە بودجەى سەروەرى (سیادی) کە بریتییە لە خەرجییەکانى (ئاسایش و بەرگرى، سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە، قەرزە دەرەکییەکان، دادگاى باڵاى فیدراڵى) داواى پشکى 14.14% دەکات، بەڵام بەغداد ئامادەنییە بیدات بە پاساوى ئەوەى کورد لە سێ سەرۆکایەتییەکە و دەسەڵاتى دادوەریدا هەیە.
پرسی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە چۆنە؟
هەرێمى کوردستان داوا دەکات بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان پشکى هەبێت لە دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکان، لەم ڕووەوە بەڵێندراوە، ئەگەر تەرخانکراوى دارایی بۆ دامەزراندن هەبوو هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
هەرێمى کوردستان داواى کردووە پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران لە پڕۆژە بودجە جێگیر بکات، بەڵام بەغداد هەرێمى کوردستانى تۆمەتبار کردووە، کە ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى لێى بەرپرسیارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێندراوە ئەگەر تەرخانکراوى دارایی هەبوو، پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە، بە ئەگەرێکى زۆریشەوە ئەگەر پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، یەک پلە دەبەسترێت، لەکاتێکدا فەرمانبەران سێ پلەیان بۆ نەبەستراوە.
کۆی پشکی هەرێمی کوردستان
هەرێمى کوردستان داواى 29 تریلیۆن دینارى وەک پشکى خۆى لە بودجەدا کردووە، کە 23 تریلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچە، لەو دوو تریلیۆن دینارە، بۆ خانەنشینان و خەرجییەکانى حکومەت دابین بکرێت لەگەڵ پێنج تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرهێنان، بەڵام بەغداد ئامادە نییە ئەو قەبارە زۆرەیە بداتە هەرێمى کوردستان، کە پڕۆژە بودجەى عێراق لە 217 تریلیۆن دینار پێکهاتووەو 43 تریلیۆن دینارى کورتهێنانى هەیە.
تایبەت بە ئەسیکۆدا
باج و گومرگ و ئەسیکۆدا.. عێراق دەڵێت داهاتی باج و گومرگ سیادییە و دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند، هەرێمى کوردستان دەڵێت سیادی نییە، هاوکات ئەنجوومەنی دەوڵەت لە لێکدانەوەی خۆیدا پشتگیریی بۆچوونەکەی عێراق دەکات و دەڵێت سیادییە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، ئەگەر لەسەر دۆسییەى نەوت و ئەسیکۆدا ڕێککەوتن بکرێت، ڕۆڵى دەبێت لەوەى بەشێکى زۆر لە داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان جێگیر بکرێت.
بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانى زیاتر لە شەش ملیۆن دانیشتووى هەرێمى کوردستانەوە هەیە، هەر خەمساردییەک هەبێت، ئەوا باجەکەى هاونیشتمانییان دەیدەن.
بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى عێراق لە بەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە، بە تەنیا سەردانى شاندى باڵاى حکومەت، بەس نییە بۆ مسۆگەرکردنى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، پێویستە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەى بچنە بەغداد و چەند ڕۆژێک لە بەغداد بمێننەوە، تاوەکو ڕێککەوتن لەسەر پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بکەن، چونکە ئەم پرسە چەندە تەکنیکى و داراییە، دوو هێندە سیاسییە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە؛ دۆسییەی زیندانیانی سیاسی دەخرێتە ناو بودجەی 2027
3 کاتژمێر پێش ئێستا