داربڕین بەهۆى قەیرانى سووتەمەنى لە سۆران بەردەوامە و پۆلیس 35 کەسی دەستگیرکردووە

جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پۆلیسی دارستان چووەتە شوێنی بڕینەوەی چەندین دار و دەستی بەسەر کورەی خەڵوز و ژمارەیەک داری بڕاوەدا گرتووە
پۆلیسی دارستان چووەتە شوێنی بڕینەوەی چەندین دار و دەستی بەسەر کورەی خەڵوز و ژمارەیەک داری بڕاوەدا گرتووە

پووختەی هەواڵەکە

  •  هەڵمەتى چڕى داربڕین بەهۆى قەیرانى سووتەمەنى و نزیکبوونەوەى وەرزى سەرما لە سنوورى سۆران بەردەوامە.
  • پۆلیسى دارستان و ژینگەى سنوورەکەش دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى دیکەى ڕاگەیاند.
  • بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى بەتۆمەتى داربڕین تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون بۆ 35 کەس بەرزبووەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران ڕایگەیاند، لە گوندی خەندۆرانی سەر بە شارۆچکەى خەلیفان دەستیان بەسەر تراکتۆرێک و پیکابێکى داری تەڕ لە جۆری بەڕوو و مازودا گرتووە.


پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران:

  • هێزەکانمان توانیوویانە تۆمەتباری ئەو ڕووداوە دەستگیر بکەن و پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ ساز بکەن و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
  • پێشتریش حەمید ئەمیر خۆشەوى، گوتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سۆران بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، 14 کەسیان لە سنوورى باڵەکایەتى بە تۆمەتى بڕینى دار دەستگیرکردووە.
  • مانگى ڕابردووش 20 کەس لە سنوورى ئیدارەى سۆران بە تۆمەتى دابرین دەستگیرکراون، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى دابڕینەوە دەستگیرکراون، بۆ 35 کەس بەرزبووەوە.

بێ نەوتی و کەشی سارد

زیادبوونى بڕینەوەى درەخت، لەوەرزى زستاندا لەلایەن دانیشتووانى ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلەکانى گەرما بەڕێژەیەکى بەرچاو دادەبەزن و نەوتى پێویستیشیان بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە.

ئەم داربڕینە هەڕەمەکییەى ئیدارەى سۆران، هاوکاتە لەگەڵ داربڕینەکەى ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک، لەلایەن سوپا و بەڵێندەرانى تورکیاوە.

نرخی نەوتی سپیی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و جیاوازیی نرخ لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەگاتە 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا دابینکردنی نەوت لە بەنزینخانەکاندا بە شێوەیەکی سنووردارە، هاونیشتمانییان چاوەڕوانی بڕیاری حکومەتن بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراو.

بەگوێرەى سەرژمێریی عێراق لە ساڵی 2024دا، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان هەن، بەمەش ئەگەر بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دابین بکرێت، پێویستیی گشتی دەگاتە زیاتر لە 275 ملیۆن لیتر نەوتی سپی.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لە سۆران داربڕین دەستیپێکردووە و پۆلیسى دارستانیش کەمە

موختارى گوندێکى ئامێدى: بڕینەوەى درەختەکان ڕاستە، تکایە فریا بکەون

جەبار حسین

1 کاتژمێر پێش ئێستا