بەرگریی شارستانی: ئامادەکاریی بۆ زستان کراوە و کێشەی لافاوی هەولێر و شارەکان چارەسەر کراوە
پووختەی هەواڵەکە
- بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان: بۆ وەرزى زستان ئامادەکاریى تەواوکراوە
- سەرکەوت کاڕەش دەڵێت، کێشەى ئەو شوێنانە چارەسەرکراوە کە لە شارەکاندا لافاوى تێدا دروستدەبوو
سەرکەوتن کاڕەش گوتەبێژى بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان لەبارەى ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزى زستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بەرگریی شارستانی لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بۆ هەموو وەرزەکان پلانى خۆی هەیە کە بەگوێرەى وەرزەکانى ساڵ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان:
- بۆ وەرزى زستان پلانەکانیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەک خۆیان جێبەجێدەکرێن و بە هەماهەنگیى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاریى تەواو کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو.
- لەبارەى مەترسییەکانى لافاویشەوە گوتى، ئاوەڕۆکان ساڵانە پاککردنەوەیان بۆدەکرێت و فراواندەکرێن بەتایبەت لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک.
- ئەو شوێنانەى ساڵانى ڕابردوو لافاو تیایاندا دروستبوو، بە ئەندازەیەکى زۆر کێشەکانیان چارەسەرکراوە، بەتایبەت پارێزگاى هەولێر کە ساڵانى ڕابردوو زۆرترین حاڵەت تێیدا ڕوویداوە.
زیانی لافاو لە هەرێمی کوردستان
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارینی بەخوڕی لەناکاو لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا، چەندین شەپۆلی بەهێزی لافاو شاری هەولێر و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. ئەم لافاوانە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی و زیانی ماددی گەورەیان بە خانوو، ئۆتۆمبێل، ژێرخان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان گەیاند؛ بەتایبەتی لەو گەڕەک و ناوچانەی کە دەکەونە سەر ڕێڕەوە سرووشتییەکانی ئاوی باران یان کێشەی نەبوونی ئاوەڕۆی ستانداردیان هەبوو.
دوای ئەو ڕووداوانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانییەکان، ستراتیژییەکی نوێیان گرتەبەر. ئەم پلانە درێژخایەنە بریتی بوو لە پاککردنەوە و فراوانکردنی بەردەوامی کەنالەکانی ئاوەڕۆ، دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک لە دەوروبەری شارەکان بۆ گلدانەوەی ئاو، و گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو لافاوانەی کە مەترسییان بۆ سەر گیانی هاونیشتمانیان دروست دەکرد، تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بکرێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
هەموو ساڵێک هەمان چیرۆک؛ لە هەولێر لافاو پردی سەرکارێزانی برد
1 کاتژمێر پێش ئێستا