بەغداد: هێزى ئەمنى دەستوەردان لە بەهاى دینار و دۆلار ناکات
پووختەى هەواڵەکە:
- کاردانەوەکانى گۆڕانکارى لە بەهاى دینار بەردەوامە.
- لە دواى بڕیارەکەى عەلى زەیدى ناسەقامگیرییەک لە بازاڕى دراو دروستبووە.
- لە هەندێک شوێن دەنگۆى دەستێوەردانى هێزى ئەمنى بڵاوبووەتەوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرسی نرخی دۆلار بابەتێکی دارایی و ئابوورییە، هێزە ئەمنییەکان دەستوەردان لە بازاڕدا ناکەن.
ناوەڕۆکى ڕوونکردنەوەکە:
- پرسی دۆلار بە میکانیزمەکانی بازاڕ و لەسەر بنەماى خواست ڕێکدەخرێت.
- ئەم پرسە لەژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتی دارایی و دراودایە، بە پلەی یەکەم بانکی ناوەندی.
- ڕێوشوێن بەرامبەر سەرپێچیکاران بەگوێرەى ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندییە.
- بانکی ناوەندی عێراق بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیکردنی دامەزراوە دارایی و بانکییەکان.
- هێزە ئەمنییەکان دەستوەردان ناکەن لە دیاریکردنى نرخی ئاڵوگۆڕ یان بەڕێوەبردنی مامەڵە بازرگانی و داراییەکان.
- هاوڵاتییان، بازرگانان، خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ ئارامبگرن و بەردەوام بن لە چالاکییە دارایی و بازرگانییە یاساییەکان.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دواى ئەوە دێت، هاوڵاتییەک تەلەفۆن بۆ ژمارە 119ـى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەکات و باسى بەهاى دینار لەگەڵ ئەفسەرێک دەکات، ئەوەش والێکدرایەوە گوایە هێزە ئەمنییەکان دەستوەردان دەکەن.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى ڕۆژى 6ـى تشرینى یەکەمدا بڕیاریدا گۆڕانکارى لە بەهاى دۆلار لە بەرامبەر دینار بکات، ئەوەش لەسەر بنەماى ڕاپۆرتى وەزیرى دارایى و پارێزگارى بانکى ناوەندى بووە، بڕیارەکەش لە ڕۆژى دواترەوە خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
یەکەم بڕیار لە عەلى زەیدییەوە دواى گۆڕانکارى لە بەهاى دینار
ئەنجوومەنى وەزیران بەهاى دۆلارى گۆڕى؛ 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینارە
51 خولەک پێش ئێستا