بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مێری: بۆ ئێرانیش پرۆسەیەکی ئاشتی هاوشێوەی ئەوەی تورکیا دەستپێدەکەین

هونەر رۆستەم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پووختەی هەواڵەکە

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین.
  •  سەرۆکی یەکێتیی گوتیشی، لەگەڵ ئێرانیش لەسەر هێڵین بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی هاوشێوەی ئەوەی لە تورکیا دەستیپێکردووە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چوارچێوەی  پانێڵە تایبەتەکەی لە کۆڕبەندی ساڵانەی مێری لە شاری هەولێر، تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە.


پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا

  • سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان، ئاماژەی بەوە کرد،  کە لە ئێستادا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری تورکیا لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
  • ڕاشیگەیاند ،کە ئەوان وەک یەکێتی هاوکار و پشتیوانی تەواوی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتین لەو وڵاتەدا.

پەردەی لەسەر هەوڵێکی نوێی دیپلۆماسی لادا

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرای کرد ، کە دەستیان بە پڕۆسەیەکی هاوشێوەی ئەوەی تورکیا بۆ ئێرانیش کردووە و لەگەڵ تاران لەسەر هێڵن بە ئامانجی بەرەوپێشبردن و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی یەکێتی گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا دەرفەتێکی باشی ئاشتی بۆ کوردان لە ئێران دەبینێت، کە ئەمەش دەتوانێت دەرگای نوێ بەڕووی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بکاتەوە.

کورد لە سووریا

هەروەها تاڵەبانی گەشبینی خۆی بۆ داهاتووی دۆخی سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لەو وڵاتەدا کردەوە.

"گەشبینانە بۆ پرسی کورد دەڕوانین"

ئەم لێدوانە گەشبینانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاریی خێرا و ئاڵۆزیی ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت. سەرۆکی یەکێتی لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک گەشتی دیپلۆماسی فەرمی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامداوە، لەوانەش سەردانەکەی بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کە تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق کرابووەوە.

هاوکات، لەسەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، هەمیشە پرسی پرۆسەی ئاشتی لە ڕێگەی گفتوگۆوە وەک ستراتیژێکی کۆنی حیزبەکە ناوبرابوو کە بناغەکەی لەلایەن سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق، مام جەلال، داڕێژرابوو.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی هاوسەنگییەکی دیپلۆماسییەوە، پێگەی خۆی وەک ناوبژیوانێکی کارا لە نێوان جەمسەرە جیاوازەکانی ناوچەکە (بەتایبەت لە نێوان ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ) بپارێزێت تاوەکو هەرێمی کوردستان لە لێکەوتەکانی هەر جەنگ و ئاڵۆزییەک دوور بخاتەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بافڵ جەلال تاڵەبانى بۆ پارتى: کێشەکانمان بچووکن و بە نییەتێکى پاکەوە وەرنەوە سەر مێزى گفتوگۆ

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورە بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە

هونەر رۆستەم

1 کاتژمێر پێش ئێستا