ئامانج ڕەحیم: قۆناغی ئێستا ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتن

مەعاز فەرحان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران پێشنیازەکانى بۆ جێگیرکردنى داواکارییەکان دەخاتەڕوو.
  • داوا دەکات لە قۆناغى ڕەشنووسدا داواکارییەکان جێگیربکرێن.
  • قۆناغەکانى دواتر بە "سەخت" بۆ جێگیرکردنى داواکارییەکان ناودەبات.

ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان لە نووسینێکدا ڕایگەیاند، قۆناغی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ گرەنتىی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027.


ئامانج ڕەحیم:

  • دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستپێبکەنەوە.
  • دانوستانەکان هێشتا لە قۆناغی ڕەشنووسى پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدان، نەک پڕۆژەياسای پەسەندکراو.
  • ئەم ڕەشنووسە کاتێک دەبێتە پڕۆژەیاسا کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییەوە پەسەند بکرێت و بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بنێردرێت.
  • قۆناغی ئێستا ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمى کوردستان بە 14.14% و گرەنتى ماف و شایستە داراییەکان.

ڕوونکردنەوەى یاسایى:

بەگوتەى ئامانج ڕەحیم، گرنگیی ئەم قۆناغە لەوەدایە بەگوێرەى دەستوور و یاساکان، دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنووردارە؛ دەتوانێت تەنیا گواستنەوە و کەمکردنەوە بکات، بەڵام بۆ زیادکردنی کۆی گشتی خەرجییەکان تەنیا دەتوانێت پێشنیار بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکات نەک بڕیاردان.

قۆناغى یەکلاکردنەوە:

ئامانج ڕەحیم کە خۆى ئەندامى شاندى دانوستانکارە و بەردەوام ڕوونکردنەوە لەسەر ڕێڕەوى دانوستانەکان دەدات، بەپێویستى دەزانێت پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە قۆناغی ئێستای ڕەشنووسکردندا یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناغەکانی دواتر دوانەخرێن.

گوتی"چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانی فیدڕاڵی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت".

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووان پێنج کورسیی پەرلەمانیی کورد لە بەغداد دەسڕێتەوە

ئامانج ڕەحیم بەڵگەى نایاساییبوونى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووان دەخاتەڕوو

مەعاز فەرحان

1 کاتژمێر پێش ئێستا