مێژووی تۆپی باسکە؛ بیرۆکەی دروستبوون و سەرەتای دەرکەوتنی یارییەکە

یارییەکی تۆپی باسکە، لە ساڵانی 1950کان. فۆتۆ: AP

مێژووی دروستبوونی یاریی تۆپی باسکە، بۆ زستانی 1891ی زاینی و بۆ خوێندکارانی خوێندنگەی راهێنانی سەر بە رابیتەی لاوانی مەسیحی نێودەوڵەتی، کە ئێستا ناسراوون بە YMCA، دەگەڕێتەوە .

YMCA بەردەوام لە هەوڵدابوون تا جۆرە وەرزشێک لەناو هۆڵە داخراوەکان ئەنجامبدەن، بەجۆرێک دەیانویست هاوشێوەی تۆپی پێ دڵخۆشیان بکات و هەمان جۆشوخرۆشی هەبێت کە لە هاویندا ئەنجامیان دەدا، بەڵام ئەو یارییانەی بۆ خوێندکارەکان پێشنیارکران، بەلایانەوە جێگرەوەی گونجاو نەبوون، لەبەرئەوەی ئیدارەی ئەو شوێنە بڕیاریدا ئەو ئەرکە بسپێرێت بە جەیمس نایسمیسی 31 ساڵ، کە سەرقاڵی خوێندنی باڵا بوو، تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.

نایسمیس، بڕیاریدا یارییەک دروستبکات کە گشتگیر بێت و بەئاسانی لە یاساکانی تێبگەن، لەهەمانکاتدا ببێتە جێگەی سەرنجی هەمووان. نایسمیس دەیویست ئەو وەرزشە بەجۆرێک بێت، لەناو هۆڵە داخراوەکان و دەرەوەشیاندا ئەنجام بدرێت. هەروەها ئاسانکاریی بۆ بکرێت، تاوەکو لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانەوە وەرزشەکە ئەنجام بدرێت.

ئەو دەیویست ئەم یارییە جوڵەیەکی زۆری وەرزشی لەخۆبگرێت، کە دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، بڕیاریدا یارییەکی هاوشێوە دروستبکات کە لەتەمەنی منداڵیدا ئەنجامی دەدا، بەبەکارهێنانی تۆپێک کە هەڵیدەدا بۆ ئامانجێکی بەرز و داخراو کە لەوکاتەدا تۆپەکە پیایدا تێپەڕ نەدەبوو. نایسمیس، داوای لەیەکێک لە خزمەتگوزارەکانی خوێندنگاکە کرد، تاوەکو دوو سندوقی چوارگۆشەی بۆ بهێنێت، وەک گۆڵ بەکاریبهێنێت. خزمەتگوزارەکە، دوو سەبەتەی تایبەت بە میوەی قۆخی لەبری سندوق بۆ هێنا، نایسمیس وەک گۆڵ بۆ یارییە نوێیەکەی بەکاریهێنان، کاتێک ئەو سەبەتەیەی بە شوێنێکی بەرزی هۆڵە وەرزشییەکەوە هەڵواسی، کە بەرزییەکەی دەگەیشتە سێ مەتر و پێنج سانتیمەتر، لەهەمانکاتدا دوو کەسی لەژێر سەبەتەکاندا جێگیر کرد، بۆئەوەی لەکاتی تۆمارکردنی خاڵەکان، تۆپەکە لە سەبەتەکان دەربهێننەوە، چونکە سەبەتەکە لەژێرەوە داخراو بوو، بەڵام دوای چەند ساڵێک گۆڕانکاریی بەسەرداهات.

بڵاوبوونەوە و گەشەسەندنی یاریی تۆپی باسکە:

نایسمیس، چەند یاسایەکی گشتی بۆ یارییەکە دیاریکرد کە ناونرا تۆپی سەبەتە یان BasketBall . ئەوکات یاساکان ژمارەیان 13 یاسا بوو لەوکاتەدا، هەر تیپێک لە نۆ یاریزان پێکدەهات، یارییەکە هەنگاو بەهەنگاو دەستیکرد بە بڵاوبوونەوە و گەشەسەندن، بەجۆرێک قوتابییەکانی نایسمیس بوونە راهێنەر و مامۆستا لەو یاریەدا، و دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی لە رێگەی پێکهێنانی تیپەکان لە خوێندنگە ناوەندییە جیاوازەکان و کۆلێژی زانکۆکان، بەوجۆرە بەردەوام بوو تاوەکو بووە وەرزشێکی نیشتیمانی کە لەلایەن کچان و کوڕانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدەدرا.

لەگەڵ تێپەڕبوونی هەندێک لە یاساکانی یارییەکە گۆڕا و سەبەتە داخراوەکانیش ژێرەکانیان کرایەوە کە لە رێگەیەوە تۆپەکان دەهاتنە دەرەوە، هەروەها جۆرێکی جیاوازی تۆپ بەکارهات، بۆ ئەوەی یاریزانەکان بتوانن بەئاسانی بەکاریبهێنن و خاڵ تۆمار بکەن. لە دەیەکانی سەدەی بیستەم و ماوەکانی دواتر یارییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو، لە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە و بووە وەرزشێکی جیهانی. لە ساڵی 1936 وەرزشی تۆپی باسکە بووە یەکێک لە یارییە دانپێدانراوەکانی ئۆڵۆمپیاد.

گەشەسەندنی تۆپی باسکە:

تۆپی باسکە، لەسەرەتای دروستبوونی لە رێگەی بەکارهێنانی تۆپی تایبەت بە یاری تۆپی پێوە ئەنجامدەدرا، بەڵام ئەو تۆپانە گونجاو نەبوون بەهۆی قورسی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەکاتی یاریەکەدا. لە 1894ی زاینی، یەکەم تۆپی تایبەت بە یاریی تۆپی باسکە بەرهەمهێنرا، دواتریش لە 1929ی زاینی تۆپی ئەو یاریە بەشێوەیەکی رێکخراوتر و باشتر دیزاین کرایەوە، کە تۆپەکە قەبارەی گەورەتر و کێشی کەمتر کرایەوە، و لە 1942 بەرگی تۆپەکە گۆڕانکاریی بەسەرداهات، بەڵام بەهەمان کێش و قەبارەوە بەرهەمهات.

گەشەسەندنی یاریگەی تۆپی باسکە:

یاریگای تۆپی باسکە لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە بەچەندین گۆڕانکاریی و قۆناغدا تێپەڕیوە. لەسەرەتادا یاریگاکە لەسەر بنەمای قەبارەی هۆڵە وەرزشیەکانی کۆلێژەکان دیاری دەکرا کە جەیمس نایسمیسی لێبوو، نایسمیس هیچ یاسایەکی رانەگەیاند بۆ دیاریکردنی پانی و درێژی یاریگاکان، لە 1924 ئەو یاسایانەی کە بۆ یارییەکە دانران ئاماژەیان بەوەکرد کە دەبێت، درێژی یاریگاکە 27.4 مەتر بێت و پانیەکەشی 15.2 مەتر بێت.

بەڵام یاسا نوێیەکان، کە لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی باسکەوە دانراوە، درێژی یاریگاکانی بە 28 مەتر دیاریکردوە و پانییەکەشی بە 15 مەتر جێگیر کردووە.

گەشەسەندنی ژمارەی یاریزانی تۆپی باسکە:

جەیمس نایسمیس، ژمارەی ئەو یاریزانانەی دیاری نەکرد کە دەتوانن بەشداریی لە یارییەکدا بکەن کاتێک یاساکانی یاری تۆپی باسکەی دانا. بەڵام لەوکاتەدا هەر تیپێکی یارییەکە لە نۆ یاریزان پێکدەهات، لە 1897 یاسایەک دانرا، کە ژمارەی یاریزانە سەرەکیەکانی دیاری دەکرد و دەیانتوانی بەشداری بکەن لە یارییەکاندا، کە ژمارەی یاریزانەکانی هەر تیپێکی بە پێنج یاریزان دیارییکرد.

یەکەم یاری تۆپی باسکە:

یەکەمین یاری تۆپی باسکە لەمێژوودا، لە 11ی کانونی یەکەمی 1891 بەڕێوەچوو، کاتێک قوتابییەکانی ئەو پۆلەی جەیمس نایسمیس بەشێوازی دوو تیپی نۆ یاریزانی، لە یاریگای هۆڵە وەرزشی تایبەت بە کۆلێژەکەیان رووبەڕوی یەکبوونەوە، کە درێژییەکەی 15.24مەتر بوو و پانییەکەی 10.67مەتر بوو، یارییەکەش بەئەنجامی یەک بە سفر لەبەرژەوەندی یەکێکییان کۆتایهات، گۆڵەکەش لەلایەن ویلیام چەیسەوە تۆمارکرا لە دووری 7.6 مەترەوە، بەوەش بووە  یەکەم کەس لەمێژووی یاری تۆپی باسکەدا گۆڵ تۆماربکات.

تایبەت بە تۆپی باسکەی خانمانیش، دوای ساڵێک لە داهێنانی یارییەکە دەستیپێکرد لەلایەن نایسمیسەوە، کاتێک سیندا بیرنسۆنی مامۆستای یاریی جەمباز، تۆپی باسکەی پێشکەش بە کۆلێژەکەی سمیس کرد. یەکەم یاریی تۆپی باسکەی خانمان 1893ی زاینی، لە کۆلێژی کچانی تایبەت بە کۆلێژەکەی سمیس ئەنجامدرا.

خول و پاڵەوانیەتییەکانی سەرەتای یاری تۆپی باسکە:

خولی تۆپی باسکەی نیشتیمانی، کە لە 1898ی زاینی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دامەزرێنرا، یەکەم خولی پیشەگەرییە لەم یارییەدا. یانەی ئۆرجیناڵ سێڵتیکس، یەکێک بوو لەو تیپە پیشەگەرانەی سەرەتا بەشدارییان تیاداکرد، ئەو تیپە بەشێوەیەکی گەورە تا 1936 کۆنتڕۆڵی یاری تۆپی باسکەیان کرد.

خولی نیشتیمانی تۆپی باسکە زۆر درێژەی نەکێشا و تەنیا ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام بوو، دواتر هەڵوەشێندرایەوە.

دوای ماوەیەکی کەم، خولە پیشەگەرییەکانی تر دامەزرێنرا، وەک خولی نیشتیمانی تۆپی باسکە کە لە 1937 راگەیەندرا، و خولی رابیتەی تۆپی باسکەی ئەمریکا، کە لە 1946 دروستبوو، دواتر لە 1949 هەردوو خولەکە بووە یەک خول، کە بە رابیتەی نیشتیمانیی تۆپی باسکەی لێبەرهەمهات و ناسراوە بە NBA. لە 1950، یەکەمین پاڵەوانییەتی مۆندیالی تۆپی باسکە لە وڵاتی ئەرجەنتین رێکخرا، کە 10 هەڵبژاردە بەشدارییان کرد، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەبردنەوەی لە ئەمریکا نازناوەکەی بەدەستهێنا.

NBA : رابیتەی نیشتیمانی تۆپی باسکە:

خولی پیشەگەری تۆپی باسکەی ئەمریکییە کە لە 30 یانە پێکدێت. لە 1946 دامەزرا و بارەگای سەرەکی دەکەوێتە شاری نیویۆرکەوە. هەر تیپێک 12 یاریزان لەخۆدەگرێت کە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خولەکە دەکەن.

ئەندامانی NBA دابەشکراوە بۆ دوو لایەن، هەر یەکێکیان سێ بەشیان لێدەبێتەوە. بەمشێوەیەی خوارەوە:

تیپەکەکانی خۆرهەڵات

بەشی ئەتڵەسی

بەشی ناوەڕاست

بەشی باشووری خۆرهەڵات

تیپەکانی خۆرئاوا

بەشی باشووری خۆرئاوا

بەشی باکووری خۆرئاوا

بەشی زەریای هێمن

سەرجەم یانە بەشداربووەکانی خولەکە لە ناوچەکانی خۆیان رکابەریی یەکتر دەکەن، کە لەکۆتایی وەرزەکەدا باشترین تیپەکان سەردەکەوون بۆ قۆناغی پلەی ئۆف، تیایدا یانەکانی خۆرهەڵات رووبەڕووی یانەکانی خۆرئاوا دەبنەوە و لە هەر قۆناغێک پێنج یاری ئەنجامدەدەن، هەر یانەیەک سێ یاری براوە بێت سەردەکەوێت بۆ قۆناغی دواتر تا دەگەن بە یاری کۆتایی.

خولی باسکەی ئەمریکا بەئەستێرەکانی بەناوبانگە، لەمێژوودا هەندێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی باسکە لەخولەکەدا یارییان کردووە. کە دیارترین و ناودارترینیان، مایکل جۆردانە کە توانی شەش نازناو لەگەڵ شیکاگۆ بۆڵز بەدەستبهێنێت، لەدوای ئەو لیبرۆن جەیمس دەبینرێت کە چوار نازناوی لەگەڵ سێ یانەی جیاواز بەدەستهێناوە، کۆبی براینتی کۆچکردووش یەکێکی تر بوو لە ئەستێرە درەوشاوەکانی خولەکە.

خولی تۆپی باسکەی ئەمریکا، بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی باشترین یاریزانەکان لەجیهاندا، دیارترین ئەو ئەستێرانەش ئێستا لە خولەکەدا یاریی دەکەن بریتین لە، ستیڤ کاری، جیانیس ئەنتیتۆکۆنمۆ و کیڤن دورانت.

دەرئەنجام:

ساڵانە ملیاران دۆلار قازانج دەکات، خاوەنی دەستەیەکی زەبەلاحی هاندەرانە لەجیهاندا. بەڵام لە ساڵانی رابردوو بەهۆی سەرنج خستنەسەر کێشەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، وەک پارێزگاری لە ژیانی رەشپێستەکان تایبەت بە دژایەتیکردنی دیاردەی رەگەزپەرستی، دەستکەوتە داراییەکانی رووی لەکەمیکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوە NBA بەشێکی چێژبەخشی تۆپی باسکەیە لە جیهانی وەرزشدا.