جواو فێلیکس؛ قوربانییەک بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێت

جواو فیلێکس. فۆتۆ: AP

جواو فێلیکس بۆ ئەوەی هەرگیز لەگەڵ سیمیۆنی یەکنەگرنەوە، سەرەتا بە لێدوان و پاشانیش بە لێدان و تۆمارکردنی گۆڵ، هەموو دەرگاکانی گەڕانەوەی بۆ مەدرید دادەخات

سەرکەوتن باشترین جۆری تۆڵەسەندنەوەیە بۆ جواو فێلیکس، بەڵام کاتێک هەموو رابردووی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید ژێرپێ دەخات، ئەمەیان نیشانەی پرسیار لەسەر پیشەگەربوونی یاریزانە پۆرتوگالییەکە دروست دەکات. جواو فێلیکس بەبێ ئەوەی شەرم بکات، ئاهەنگی دژی یانەکەی پێشووی گێڕا، ئەمە بەمانای نەگەڕانەوەی کەجاریی دێت بۆ ئەتلەتیکۆ. بە ئاست و بە گۆڵ، سیمیۆنی کوشت و بێدەنگی کرد. ئەوە لە دێربیدا زۆر بە زەقی بەدیدەکرا، کە لەو یارییەدا هاوڕێیەتی لەبیرکرا. شەوی تۆڵەسەندنەوە بوو. شەوی دەمکوتکردن و تەمبێکردن بوو. بەرشلۆنە بە چەکی ئەتلەتیکۆ میوانەکەی کوشت.

شەوی گەورەترکردنی درزی پەیوەندی نێوان جواو فێلیکس و ئەتلەتیکۆ بوو. ئەو شەڕی لێدوان و شەڕەشەقەی نێوانیان، پێمان دەڵێت، جواو بە ئەنقەست دەیەوێت رێگەی گەڕانەوە بۆ ئەتلەتیکۆ دابخات. مارکۆس ئاورێلیۆس، جوانی گوت: «رێگەی راستەقینەی تۆڵەسەندنەوە لە دووژمنەکەت ئەوەیە کە وەک ئەو نەبیت». کاتێک یاریزانانی سیمیۆنی باکیان بە بەها بەرزەکانی رەوشتی تۆپی پێ نییە و شەڕەشەق لەنێوان خۆیاندا دژی جواو فلیکس دابەش دەکەن، ئەمە لووتکەی دەروونپەشێوییە کە تیپێکی گەورەی خاوەن مێژوو کە ساڵانێکە رکابەریی بەرشلۆنە و ریال مەدرید دەکات، تەنیا لەسەر لێدوانێک، بەرببنە گیانی یاریزانێک کە بە شێوازی یاریکردنی ئەتلەتیکۆ و مامەڵەی سیمیۆنی ئاسوودە نییە. جواو لەو یارییەدا زۆرترین لێدانی خوارد، زۆرترین یاریزانی ئەتلەتیکۆ بەهۆی لاوە پۆرتوگالییەکەوە کارتی زەردیان وەرگرت.

بەهۆی جواو ئەتلەتی تەرکیزیان لەسەر یارییەکە و چارەنووسسازیی یارییەکە نەما. جواو لەو یارییەدا هەستت دەکرد، پەیامێکی تایبەتی پێیە بۆ سیمیۆنی، جگە لە گۆڵکردن و خۆماندووکردن و ئاستە بەرزەکەی، بەرگرییەکی نایابی دەکرد و شەش جار تۆپەکەی قەتع کرد، وەک ئەوەی بییەوێ بە سیمیۆنی بڵێت، دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ یارمەتیدانی هێڵێ بەرگری، بەڵام ئەمە بۆ تۆ ناکەم، ئێ بەشێکی کێشەکانی دیێگۆ لەگەڵ فێلیکس، نەگەڕانەوە و یارمەتینەدانی هێڵی بەرگریی بوو. ئەمە دەبێتە سەرەتایی کۆتایی پەیوەندی نێوان جواو فێلیکس و ئەتلەتیکۆ، بەڵام ئەم جەنگی دەمارگرتنەی نێوانیان دەبێتە سەرەتای دژایەتیکردنێکی گەورەی نێوانیان. ئەگەە نەمرین لە یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ، دەیبینین چ جەهەنەمێکی بۆ ساز دەکەن. ئەو ئەستێرەیەی لە تەمەنی ٢٠ ساڵی بووە گرانترین یاریزانی مێژووی یانە مەدریدییەکە و هیچی ئەوتۆی بە تیپەکەی سیمیۆنی نەبەخشی و هیچی ئەوتۆشی دەستنەکەوت." ‎بەڕاستی مرۆڤ بە تۆڵەسەندنەوە یەکسان دەبێت لەگەڵ دووژمنەکەی و بە لێبووردن لە دووژمنەکەی، لێی تێدەپەڕێت". فرانسیس بیکۆن