کارلۆ ئەنچیلۆتی لە پێرێزی بردەوە

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید. فۆتۆ: AP

هەڵبژاردەی بەرازیل لەم چەندساڵەی رابردوودا هیچ پێش ناکەوێت و وەکو ئەو مشکەی لێهاتووە لە نێو تایەی ئۆتۆمبێلدا رادەکات و وادەزانێت پێشدەکەوێت، بەڵام مشک هەست بەوە ناکات راکردنەکەی جگە لە سوڕانەوەی بەنێو تایەکەدا هیچی دیکە ناکات

ئەحمەد سەنگاوی

کارلۆ ئەنچیلۆتی، ئەمجارە بۆ گەرەنتیکردنی داهاتووی، کارتی "کات"ی بەکارهێنا، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی یەکلاییبکاتەوە. کات بەمانای، لە 1-1-2024، دەتوانێت هەر یانە و هەڵبژاردەیەکی بوێت، دانوستاندنی لەگەڵ بکات. ئەنجامە باشەکانی و ئۆفەرەکەی بەرازیل، ئەو دوو کارتەبوون، نەیانهێشت فلۆرینتینۆ پێرێز، چاوەڕێی کۆتایی وەرز بکات، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی کارلۆ ئەنچیلۆتی بدات. راهێنەرە ئیتاڵییەکە رێگەینەدا کات بیکوژێت و لە کۆتایی وەرز ئەگەر ئەنجامەکانی لەگەڵ ریال باش نەبوو، ببێتە بزنی قوربانی، هەربۆیە پێرێز، هەر زوو درکی بەوە کرد، دەشێ وەرزە نایابەکەی ریال بەهۆی ختوکەدانی خواستی ئەنچیلۆتی لەلایەن تۆپی پێی بەرازیلەوە بشێوێت. کارلۆ بەرگەی میزاجپەرستی سێلڤیۆ بێرلیسکۆنی، پشووکورتی ناسر خلێفی و رۆمان ئەبرامۆڤیچی گرتووە، هەر بۆیە دەشزانێت چۆن رەفتار لەگەڵ سەرۆکی ریال بکات، بەتایبەت ئەو سەرۆکانەی غروورێکی خاوەندارێتی و بڕیاردانیان هەیە، کە حەز دەکەن پیشانی جیهانی بدەن، تەواوی دەسەڵاتەکانی یانەکە لەدەستی خۆیاندا کۆبووەتەوە.

بۆ ریال مەدرید بژاردەکانی دەستنیشانکردنی راهێنەر بە خواست و میزاجی پیرێز بیخوات سنووردارن، بەڵام کەم کەس هێندەی کارلۆ لە پێرێز تێدەگات و  لەگەڵی دەگونجێت. سێ وەرزە کارلۆ لە زۆر ئاستی جیاوازدا پیشانی سەرۆکی یانەکەی داوە، کە نەک داواکاری و مەرج بەسەر سەرۆکی یانەکە ناسەپێنێت، تەنانەت مەرج و داواکاری نییە و چی لەبەردەست بێت، ئیدارەی دەدات. هەنگاوەکانی وەرزی یەکەمی ئەنچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید، تەنیا گرنگییەکەی لە بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ و لالیگا نەبوو، بەڵکو وەڵامێکی بەهێزیش بوو بۆ ناوەرۆکی نامە گلەییئامێزەکەی زینەدین زیدان، کاتێک وازهێنانی راگەیاند و گلەیی کردبوو کە پشتیوانی ناکرێت و داواکارییەکانی بۆ هێنانی یاریزان، جێبەجێ ناکرێت، کارلۆ بە هەمان تیمەکەی زیدانەوە، هەرچی تیپە گەورە و پاڵێوراوەکانی چامپیۆنزلیگ بوو، رایانیماڵی، ئەمەش وەڵامێک بوو بۆ زیدان کێشەکە لە ئیدارەدانی یارییەکان و یاریزانانە، نەوەک هێنانی یاریزانی دیکە بۆ ریزی تیپەکە.

"بۆچی ئەنچیلۆتی بەرازیلی کردە قوربانی ریال مەدرید؟"

بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل شەش مان زیاترە چاوەڕێی بەڵێی ئەنچیلۆتی بوون، بەڵام یانەکە هیچ گفتێکی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل نەدابوو، ئەوەی ئەم پرسەی بۆ میدیا ئاشکرا کرد، بەرپرسانی تۆپی پێی سیلیساو بوو،. چنکە وشەیەک لە زاری ئەنچیلۆتییەوە لەسەر ئەم پرسە نەهاتە دەرەوە، وەک ئەوەی بڕیاری خۆی هەڵبگرێت بۆ سەرەتای ساڵی نوێ. لێرەدا بەرازیل کارێکی بەهێز بوو بەدەست راهێنەرە ئیتاڵییەکەوە، تاوەکو لەمەڕ داهاتووی، تووشی هیچ راڕاییەک نەبێت و لە ریال دەرکرا، ئۆفەری ئەو هەڵبژاردەیەیەی هەیە کە پێنج جار مۆندیالی بەدەستهێناوە. پێرێز ئەم جارە نەیتوانی یاریی بە قەدەری کارلۆ بکات، لەبەرئەوە نا، کە ناتوانێت، بەڵکو بوونی ئۆفەری بەرازیل لەسەر مێزی ئەنچیلۆتی، دەرکردنی راهێنەرەکە خاڵی بەهێز نەبوو بۆ سەرۆژی یانەی شاهانە.

یانەیەک بەو هەموو کەموکورتییەوە، بوونی ئەو هەموو ئەستێرە گرنگە کە تووشی پێکان بوون، گونجاندنی بێلینگهام بە باشترین شێوە، بیانوی پێریزیان بڕی بیر لە بەدیلێکی باشتر بکاتەوە. پێرێز دەیزانی لە رووی ئابوورییەوە، لەم راهێنەرە باشتری دەستناکەوێت، بۆیە نەیویست بەبێ هۆ ئەنچیلۆتی لەدەستبدات، لەکاتێکدا، داواکاری نییە، مەرجی نییە، گلەیی نییە و بیانووشی نییە، تەنانەت بچوکترین سەرئێشە و بارگرانی ئابووریی و هونەری بۆ سەرۆکی یانەکە دروست بکات و ئاست و ئەنجامی تیپەکەش لەوپەڕی باشیدایە. لەلایەکی دیکەوە راهێنەرەکە لەنێوان بەرداشی مەدرید و بەرازیل دۆشدامابوو، بیریدەکردەوە؟ چی بڕیارێکبدات، کامیان هەڵبژێرێت! کارلۆ ئەنچیلۆتی باش لەوە تێگەیشتووە رەتکردنەوەی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید ئاسان نییە، ئەو باشیش دەزانێت، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرازیل سەرکەوتوو بێت، چونکە هەڵبژاردەکە لەم چەندساڵەی رابردوودا، هیچ پێش ناکەوێت و وەکو ئەو مشکەی لێهاتوو لە نێو تایەی ئۆتۆمبێلدا رادەکات و وادەزانێت پێشدەکەوێت، بەڵام مشک هەست بەوە ناکات راکردنەکەی جگە لە سوڕانەوەی بەنێو تایەکەدا هیچی دیکە ناکات، جا بەرازیلیش تووشی وەهمی مشکی نێو تایەکە بووە، لەبەر ئەوە بۆ ئەنچیلۆتی ئاسان نییە بەرازیل بگۆڕێت و پێشکەوێت، چونکە ژینگەی تۆپی پێی بەرازیل، یارمەتی کارلۆ نادات.