50 هەزاردۆلار وەک خەڵات بۆ هەواڵدەری بکوژی سێ گورگ دیاریکرا

گورگی خۆڵەمێشی، فۆتۆ: AP

لە ئەمریکا خەڵاتی 50 هەزار دۆلار دیارییکراوە بۆ ئە کەسەی زانیاریی لەسەر بکوژانی سێ گورگی خۆڵەمێشی لە ناوچەی ئۆرئگۆن بە دەزگا ئەمنییەکان بدات.

خزمەتگوزاریی ماسی و گیانلەبەرە کێوییەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی چاودێریکردنی گورگە خۆڵەمێشییەکان ئامێری جی پی ئێسان وەک تەوق لەمل کراوە، لە 29ی کانوونی دووەمدا، بە گوێرەی ئاماژەی جی پی ئێسەکان، سێ لە گورگە خۆڵەمێشییەکان لە گەڕان وەستاون، دواتر بەرپرسانی گیانلەبەرە کێوییەکانی ویلایەتەکە دوای گەڕانێکی زۆر سێ گورگەکەیان بە مردوویی دۆزیووەتەوە.

دەزگای فیدراڵی ئەمریکا، خەڵاتی 50 هەزار دۆلارى وەکو پاداشت داناوە بۆ هەرکەسێک زانیاریی وردی لەسەر مردنی سێ گورگە خۆڵەمێشییەکە هەبێت.

سێ گورگە کوژراوەکە لە دووگورگی مێ و یەک نێرە پێکهاتبوون کە دەستیان کردبوو بە زاوزێ و هیوایەکی زۆری لای ئاژەڵدۆستان دروستکردبوو بۆ دووبارە زیادبوونەوەی ژمارەیان، کە لەئێستادا مەترسیی لەناوچوون لەسەر ئەو جۆرە لە گورگ هەیە.

خزمەتگوزاریی ماسی و گیانلەبەرە کێوییەکانی ئۆریگۆن دەشڵێت، ئێستا حەوت گورگى لەو شێوەیە ماونەتەوە، لەنێویاندا نێرێکی پێگەشتوو هەیە و پێویستە بپارێزرێن لە راوچییەکان.

گورگە خۆڵەمێشیەکان، لەو جۆرانەن کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و دیارییکراون، راوکردن و ئازاردان یان کوشتنیان قەدەغەکراوە.