دەمیرتاش و مزراکلی: چارەسەری کێشەی کورد لای ئەردۆغان و ئۆجەلانە

دەمیرتاش و مزراکلی

دەمیرتاش و مزراکلی لە نامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، لایەنی سەرەکی چارەسەری کێشەی کورد و ئاشتیی، ئەردۆغان و ئۆجەلانن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) و سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر لە زیندانی ئەدیرنەوە نامەیەکیان ئاراستەی "کۆنفراسی ئاشتی" لە دیاربەکر کرد و بۆچوونی خۆیان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەربڕی.

دەمیرتاش و مزراکلی ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەگەر بە فەرمی باس لە چارەسەری کێشەی کورد بکرێت، پێویستە لایەنی فەرمی حکومەت بەشداربێت و ئەو کەسەش رەجەب تەیب ئەردۆغانە کە دەبێتە لایەنی یەکەم و لایەنی دووەمیش بریتییە لە عەبدوڵا ئۆجەلان، کە پێشتر بە فەرمی لەگەڵ حکومەت گفتوگۆی کردووە.

لە نامە هاوبەشەکەدا باس لەوەکراوە، "کێشەیەکی رەگوریشەدار و ئاڵۆزی وەک کێشەی کورد تەنیا بە ئەردۆغان و ئۆجەلان چارەسەرناکرێت، بۆیە پێویستە لایەنی دیکە بەشداری گفتوگۆکە بکەن، ئەوانیش بریتین لە پەرلەمانی تورکیا، پارتەکانی ناو پەرلەمان، پارتە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسانی ئەکادیمی، رۆشنبیران، بزوتنەوەکانی ژنان و سەندیکاکان."

ئەو دوو سیاسییەى کورد، لە نامەکەیاندا ئەوەیان روونکردووەتەوە کە "کورد داواکاری لە کەس نییە، لەبری داواکاری، دەیەوێت ئەو ئازادییانە بەدەستبهێنێتەوە کە لەدەستیداون و بەبۆچوونی ئەوان تاران، بەغداد، ئەنقەرە و دیمەشق ئەو پێگانە نین داوایان لێبکرێت، بەڵکو ئەو شارانە لایەنی گفتوگۆن بۆ چارەسەری کێشەی کورد."

لەبارەی ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای تورکیاش لە هەرێمی کوردستان، دەمیرتاش و مزراکلی دەڵێن، "ئەوانەی دەڵێن ئەم هاوینە خۆمان بۆ ئۆپراسیۆنی گەورە ئامادەدەکەین، با لەبری ئەوە بڵێن ئەم هاوینە دەرگا بەڕووی ئاشتییەکی گەورەدا دەکەینەوە، ئەمە سەرکەوتن دەبێت بۆ هەموو لایەک، ئەگەرنا رووبەڕووی کارەساتی زۆر گەورەتر دەبینەوە."

دەمیرتاش و مزراکلی ئاماژەیان بەوەش کردووە، "ئێمەی سیاسییەکانی کورد لە تورکیا بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی کورد رێگای ئاشتیی، دیموکراسی و سیاسییمان هەڵبژارد و وا ئێستاش باجی ئەوە دەدەین، سەرەڕای هەموو فشار، نادادی و کارە نایاسییەکانیش لەدژمان، لەگەڵ گفتوگۆ و دانوستانداین."

"کۆنفرانسی ئاشتیی" لەلایەن کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە دیاربەکر بەسترا و داوای چارەسەری کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە جەنگ کرا. بڕیار بوو لەیلا زانا، سیاسیی دیاری باکووری کوردستان بەشداری تێدا بکات و گفتوگۆی راستەوخۆی نوێنەرانی پارتی دەم و ئاکپارتیش ئەنجام بدرێت، بەڵام لەیلا زانا بەشداری نەکرد و گفتوگۆکەی نێوان ئاکپارتی و پارتی دەمیش هەڵوەشێندرایەوە.