وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نیگەرانین لە بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فۆتۆ: گووگڵ

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بایکۆتی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندیی پارتی و گەلی کوردستان و عێراق ناکات.

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان رایگەیاند، ئەمریکا لەو بڕیارە نیگەرانە و دەشڵێت، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندیی پارتی و گەلی کوردستان و عێراق ناکات.

لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدادیش، ئەو گوتەبێژە دەڵێت "لەپەیوەندیدا دەبین لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر و بەغدا، لەبارەی پرسەکانی پەیوەندیدار بەهەردوولایان".

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو "بینیمان مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەکەن، ئێمە نیگەرانین لەو راگەیەنراوە، هەمیشە پێداگیریمان لە بەشداریکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف بۆ ئەو ناوچەیە کردووەتەوە".

دەشڵێت: "ئێمە لەوە تێدەگەین، کوردانی عێراق زۆر نیگەرانی دەردەبڕن لەئاستی ئەو بڕیارانەی بەمدواییە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی دەرکراون، بەڵام ئێمە پێمانوانییە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی بکات".

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئێمە لەپەیوەندیدا دەبین لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر و بەغداد، لەبارەی پرسەکانی پەیوەندیدار بەهەردوولایان، لەوانە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی عێراق، دەسەڵاتی یاسا، پاراستنی هەموو نەتەوەکانی عێراق، نامەوێ بچمە ناو وردەکاریی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام بەشێوەیەکی بنەڕەتی پێمانوایە پابەندبوون بە دەستووری عێراق، پاراستنی مافی هەموو کەمە نەتەوایەتییەکان لەهەڵبژاردن، دەبێتەهۆی زامنکردنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق.