مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلمان کردەئامانج

تەلارى وەزارەتى بەرگریى ئیسرائیل.

مقاوەمەی ئیسلامی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلمان کردەئامانج.

بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 24ـی ئاداری 2024، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "وەک تەواوکاریی قۆناغی دووەمی هێرشەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی داگیرکەر، بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە مانگی رەمەزاندا پەرە بە هێرشەکانیان دەدەن و وەک پاڵپشتییەک بۆ دانیشتووانی غەززە.

سەرەڕای ئەوەی لەماوەی رابردوودا مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئیسرائیلی راگەیاندووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی تەلئەڤیڤەوە هیچکام لە هێرشەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە.