لە گوندی دەوان چوار قورئانی دەستنووس پارێزراون

لە گوندی دەوانی سەر بە قەزای پاوە، چوار قورئانی دەستنووس و مێژوویی هەیە، بەهۆی کۆنییانەوە هەریەک لە قورئانەکان بەشیک لە پەڕەکانی سەرەتا و کۆتاییان پێوە نەماوە، هەر ئەمەش وایکردووە نەزانرێت کێ قورئانەکانی نوسیوە، ئەم قورئانانە بە یەکێک لە کۆنترین دەستنوسانە دادەنرێن کە لە مێژووی هەوراماندا تۆمارکراون.

گوندی دەوان سەر بە قەزای پاوەیە و لە کۆنترین گوندەکانی هەورامانە و خاوەنی چوار قورئانی دەستنووس و مێژووییە کە وا مەزندە دەکرێت مێژووییان بۆ 500 تا 700 ساڵ بەر لە ئێستا بگەڕێتەوە.

سەعدی ئیبڕاهیمی، شاعیر و نووسەر لە گوندی دەوان، لەبارەی قورئانەکانەوە بە کەناڵ8ـی گوت، "قورئانەکان چوار بەرگن دووانیان لە ساڵی 1996 نوێکرانەوە، دواتر دووانەکەی دیکەش چاککران، مێژووی دوو دانەیان دەگەڕێتەوە بۆ 700 ساڵ بەر لە ئێستا، دوانەکەی دیکە بۆ نزیکی 40 ساڵێک، بەڵام تا ئێستا نازانین کێ نوسیویەتی و دەست و خەتی کێیە".

ئەم قورئانانە مێژووییان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی تەیموورییەکان، ئەو دەسنووسانە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەم گوندەدا پارێزراون و وەک ناسنامەیەکی مێژوویی بۆ گوندی دەوان دێنە ئەژمار.

مامۆستا مەلا عوسمانی مەحمودی، مەلای مزگەوت و ئەمیندار قورئانەکان گوتی، "ئەم قورئانانە قەدیمین، پێشتر لە مزگەوتێکی کۆندا بوون، لە بەرگێکی سەوز پێچرابوون و لەناو سندوقێکدا لە مزگەوتەکە هەڵگیرابوون، پێیان دەوترا قورئانی گەورە و خەڵکیش دەستی لێنەدابوون".

باسی لەوەشکردووە، "لە سەرەتا و کۆتایی ئەم قورئانانە هیچ ناونیشانێک نییە لەبارەی ئەوەی کێ نوسیویەتی، چەن ساڵە نوسراوە، لەکوێ نوسراوە، لەشوێنێکی ترەوە هێنراون یان هەر لێرە نوسراون؟ هیچ لەمانە بە روونی نازانین".

لە کۆنەوە گوندی دەوان لەناو زۆرێک لە پەراوێزە مێژووییەکاندا، ناوی تۆمارکراوە، زیاتر وەک شوێنەوارێکی ئاینی دەرکەوتووە، کە سەرنجی گەشتیاران و مێژوونووسانی بۆلای خۆی راکێشاوە.