شاندێکى هەرێمی کوردستان بۆ بابەتى هەژمارى من دەچێتە بەغداد

ئامێرێکى ئەلکترۆنى راکێشانى پارە.

ئەمشەو شاندێکى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەی هەژماری من دەگاتە بەغداد و بڕیارە لە سبەینێوە دەست بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراقدا بكات.

مەروان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە كەناڵ هەشتی گوت: "سەردانەكەیان بۆ بەغداد درێژكراوەی سەردانەكانی رابردووە، ئەمجارەش دوایین زانیاری و ئەبدەیتەكانی پرۆژەی هەژماری من دەدەنە بانكی ناوەندیی عێراق".

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەم جوڵە بەردەوامانەوە، دەیەوێت لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق بگاتە رێككەوتن و پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە جێبەجێبكات.

ئەمە سەرباری رەتكردنەوەی ئەو پرۆژەیە لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە.

پێشتر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گوتبووی، لە مانگی ئازارەوە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت "ئەگەر پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران جێبەجێنەكرێت". لەوكاتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی ئەو "پرۆسەی بەبانكیكردنە" لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە جێبەجێنەكرێت.

سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من بە كەناڵ هەشتی گوت: "ئەو شاندەی ئەمشەو دەچێتە بەغداد، ئامانجی سەرەكیی ئەوەیە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هەژمای منەوە جێبەجێبكرێت".

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستانیش لە دوایین دیمانەیدا گوتبووی، لە پرۆسەی بە بانكیكردنی مووچەدا "پرۆژەی هەژماری من لە بانكەكانی دیكەی عێراق پێشكەوتووترە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک کە تیایدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، دەستکراوە بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی مووچەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن سودمەندانی کەرتی گشتی کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023 ەوە دەستیپێکردووە".

ئامانج لەم دەستپێشخەرییە وەک پێگەی فەرمیی پرۆژەکە باسیکردووە "رێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سودمەندان لەوانەش هەژماری پاشەکەوتکردن".

پرۆژەی "هەژماری من" لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق جێبەجێدەکرێت".