فەڵەستین و حەماس پێشوازی لە پرۆژەبڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن و ئیسرائیل نیگەرانە

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایش. فۆتۆ: AFP

هەریەک لە بزووتنەوەی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستین پێشوازییان لە پرۆژەبڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاگربەستی غەززە کرد و ئیسرائیلیش لە هەڵوێستى ئەمریکا نیگەرانە.

لەپاش پەسەندکردنی پرۆژە بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی غەززەوە، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شاندى ئیسرائیل بۆ واشنتن هەڵوەشێندرایەوە و ئەمریکاش نیگەرانی قوڵی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕی.

ئێوارەی دووشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکۆی دەنگ پرۆژەبڕیارێکی پەسەند کرد، تێیدا داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ و درێژخایەن بۆ کەرتی غەززە و ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتەکان دەکات. ئەمریکا دژی بڕیارەکە نەوەستا و دەنگیشى پێنەدا.

هەڵوێستەکەی ئەمریکا حکومەتی ئیسرائیلی توڕەکرد و دوای پەسەندکردنی پرۆژە بڕیارەکە، نوسینگەی بنیامین نەتانیاهوی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی تیمی دانوستاندنی وڵاتەکەی بۆ واشنتن هەڵوەشاندەوە.

لای خۆیەوە، جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند: زۆر نیگەرانین کە تیمی ئیسرائیل سەردانی واشنتن ناکەن، کە بڕیاربوو گفتوگۆی چڕوپڕ و لەبارەی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ پلانی هێرشکردنە سەر رەفەح بکەین. گوتیشی "ئەمریکا سوورە لەسەر پشتیوانیی ئاگربەست وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان".

هاوکات لەپێگەی تایبەتی خۆی لە تیلیگرام، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی خێرای بەندکراوان لەچوارچێوەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و سوربوونی خۆشی لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە دووپاتکردەوە.

لای خۆشییەوە، حسێن ئەل شێخ وەزیری کاروباری هاوڵاتیان لەدەسەڵاتی فەڵەستین رایگەیاند، پێشوازی لە پرۆژەبڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن و بەپێویستیشیزانی ئاگربەستەکە هەمیشەیی بێت و ئیسرائیلیش بۆ هەمیشە لەو ناوچەیە بکشێتەوە.