شاندێکی عێراق بۆ تاوتوێی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان سەردانی تورکیای کرد

ئاڵای عێراق و تورکیا

شاندێکی عێراقی بەسەرۆکایەتیی ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری گواستنەوە، گەیشتە ئەنقەرە.

باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە یاوەرى ھەریەک لە یونس خالید، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ھێڵی ئاسنین لە عێراق و سەفا جەبار ناسر، بەڕێوەبەری پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، گەیشتووەتە ئەنقەرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەبەست لە سەردانەکە بەدواداچوونە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا و تاوتوێکردنی رێککەوتنەکانە لەبارەی دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە باسی لەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا، تەواوکەری ئەو کۆبوونەوانەن کە لە ماوەی رابردوودا لەنێوان ھەردوولا لە بەغداد و ئەنقەرە بۆ تاوتوێی دوا پێشھاتەکان و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان ئەنجامدراون.

پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، رێگەکانی وشکانی و ئاسنین بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرەی باشووری عێراق بە تورکیا و دواتر بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.