نرخى نەوت 91 دۆلاری تێپەڕاند

بیرە نەوتێک لە وڵاتى ئەمریکا. فۆتۆ:AP

لەگەڵ کردنەوەى بۆرسەى بازاڕەکانى ئاسیا، پێنوێنى پشکەکان بە دابەزین دەستیانپێکرد، سەربارى دۆخی دژوارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، نرخى نەوت بەردەوامە لەبەرزبوونەوە و هەر بەرمیلێک بڕی 91 دۆلارى تێپەڕاند.

سەرلەبەیانى رۆژی هەینى، 5ى نیسانى 2024، پشکەکانى ئاسیا دابەزینى بەرچاویان تۆمارکرد، نرخى نەوتیش، بەرزبوونەوەى تۆمارکرد و نرخى هەر بەمیلێک جۆرى برێنت، گەیشتە 91 دۆلار و 80 سەنت، نرخى بەرمیلێک نەوتى خاوى تێکساس گەیشتە 86 دۆلار و 83 سەنت، هاوکات نرخى گازى سروشتى دابەزینى تۆمارکرد و نرخى یەک مەتر سێجا گاز، دابەزى بۆ هەزار و 762 سەنت.

بەبڕواى پسپۆڕانى ئابووریى و بۆرسەى جیهانیى، شەڕ و پێکدادانەکانى نێوان حەماس و ئیسرائیل و دۆخى دژوارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتى دوایین رەوشى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە کوژرانى فەرماندە باڵاکانى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و کاردانەوە و بڕیارەکانى ئۆپیک پڵەس، هۆکارى بەردەوامى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتن.

هەفتەیەکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکان، بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس-ە.

رۆژی چوارشەممە 3ى نیسانى 2024، وەزیرانی وزەی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنان وەک خۆی بهێڵنەوە، بڕیاریشە لەم مانگەوە کەمکردنەوەی هەناردەی رۆژانەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق جێبەجێبکرێت.

مانگی رابردووش بەهەمانشێوە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە کەمکردنەوەی رۆژانەی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بڕیاری لێدرابوو.