وادەی کۆتایی وەرگرتنی کارتی بانکی بۆ خانەنشینان ڕاگەیەندرا
پووختەی هەواڵەکە:
- وەزارەتی دارایی تاوەکو کۆتایی ساڵ مۆڵەت دەداتە خانەنشینان بۆ بەکارهێنانی پێناس.
- لە سلێمانی 18 هەزار خانەنشین کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە بەڵام کارا نەکراوە.
- تەنیا 22 هەزار خانەنشینی شارستانی لە سلێمانی خاوەنی هەژماری بانکیی کاران.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە ئاماژە بە مەترسیی ڕاگرتنی مووچەی هەزاران خانەنشین دەکات لە ساڵی نوێدا؛ تەنیا کەمتر لە نیوەی خانەنشینانی شارستانی لە سلێمانی خاوەنی هەژماری بانکیی کاران و ئەوانی دیکە ئەگەر تاوەکو کۆتایی ساڵ کارتەکانیان وەرنەگرنەوە، ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی و دارایی دەبنەوە و مووچەکانیان ڕادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی
- لە کۆی 55 هەزار و 596 خانەنشینی شارستانی لە سلێمانی، تەنیا 22 هەزار و 66 کەسیان خاوەنی کارتی بانکیی مووچەن.
- زیاتر لە 33 هەزار خانەنشین هێشتا بە شێوازی کلاسیکی و بە پێناسی خانەنشینی لە بانکەکاندا مووچە وەردەگرن.
- نزیکەی 18 هەزار و 611 خانەنشین کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام هێشتا کارا نەکراوە بۆ ئەوەی مووچەی لەسەر وەربگرن.
- 14 هەزار و 916 خانەنشین یان کارتەکانیان تەواو نەبووە، یان تاوەکو ئێستا فۆڕمی هەژماری بانکییان پڕنەکردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا دەکات خانەنشینان بە زووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوە و کاراکردنی کارتەکانیان تاوەکو لە داهاتوودا تووشی گرفت نەبن.
وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم
وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو 31ـی 12ـی 2026، خانەنشینان دەتوانن بە پێناسەکانیان مووچە وەربگرن، بەڵام لە دوای ئەو بەروارە وەرگرتنی مووچە تەنیا لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە 31ـی ئاب وەک دوا وادە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی "هەژماری من" بۆ سەرجەم مووچەخۆران دیاریکراوە.
زانیاریی لەسەر بابەتەکە
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 190 هەزار و 391 مووچەخۆر هەن. تاوەکو سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زۆرینەی ڕەهایان کە یەک ملیۆن و 168 هەزار کەسە فۆڕمی هەژماری بانکییان پڕکردووەتەوە و تەنیا نزیکەی 22 هەزار مووچەخۆر ماون کە هێشتا فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە. پڕۆسەی "تەوتین" یان بە بانكیكردنی مووچە مەرجێکی سەرەکیی حکومەتی فیدراڵیشە بۆ بەردەوامیی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/160430
1 کاتژمێر پێش ئێستا