پۆلیسی هەڵەبجە: تەرمی ئەو هاوڵاتییەی لە رووباری سیروان خنکا دۆزرایەوە
پووختەی هەواڵ
- تەرمی گەنجە عەرەبە خنکاوە تەمەن 31 ساڵەکە دۆزرایەوە
- تەرمەکەی ڕەوانەی بەغداد کراوەتەوە
- لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشتکردن هاتبوونە سنووری ڕووباری سیروان
پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، تەرمی ئەو هاوڵاتییەی لە ڕووباری سیروان خنکا دۆزراوەتەوە، تەرمەکەی ڕەوانەی بەغداد کراوە.
پاش چوار کاتژمێر لە گەڕان
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، گەنجێکی بە ڕەچەڵەک عەرەب لە ڕووباری سیروان خنکا و پاش چوار کاتژمێر بە هاوکاری تیمەكانی بەرگریی شارستانی و غەواس و چەندین خۆبەخش توانرا تەرمەکەی لە سنووری ئیمامی زامن بدۆزرێتەوە.
گەنجە خنکاوەکە خێزاندرە
ئاکام قوتبەدین ئاماژەی بەوە کرد، گەنجەکە ناوی عەلی هاشمە تەمەنی 31 ساڵانە و خاوەنی سێ منداڵە و خەڵکی شاری بەغدادە، ماوەی دوو ڕۆژە بە مەبەستی گەشتکردن لەگەڵ خانەوادەکەی ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە گوتیشی، هاونیشتیمانییەکی خەڵکی شارۆچکەی سەیدسادق کە ئۆتۆمبێلی تەرمگوازەرەوەی هەیە ، تەرمی گەشتیارە عەرەبەکە گەیاندووەتە بەغداد.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/223611
1 کاتژمێر پێش ئێستا