دەستەی دەستپاکی عێراق: پێنج فەرمانبەرمان لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرد

شۆڕش محەمەد 53 خولەک پێش ئێستا
لۆگۆی دەستەی دەستپاکیی عێراق
لۆگۆی دەستەی دەستپاکیی عێراق

پووختەی هەواڵ

  • هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرس و فەرمانبەری عێراقی لەسەر گەندەڵی بەردەوامە
  •  دەستگیرکردنی پێنج فەرمانبەری باجەکانی پارێزگای دیالە
  •  بڕی 700 ملیۆن دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە کەناڵ8 گەیشتووە، دەستەى دەستپاکى عێراق، دەستگیرکردنى پێنج فەرمانبەرى لقی فەرمانگەی گشتیی باجەکانى لە پارێزگای دیالەى ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد ڕێکارەکانیان بووەتە هۆی گەڕانەوەی 700 ملیۆن دینار بۆ گەنجینەى حکومەت و دەستبەسەرداگرتنی سامانی هەشت باجدەر.


بەدواچوونی کارەکانی فەرمانگەی باجی دیالە


دەستەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا باسیلەوەکردووە، تیمێکی بەشی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرداگرتنی دادوەری لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە، کە ڕاسپێردرابوون بۆ بەدواداچوونی کارەکانی فەرمانگەی باجی پارێزگاکە، دوای وردبینی توانییان پێنج فەرمانبەر لەو فەرمانگەیە دەستگیر بکەن.

دەستگیرکردنی فەرمانبەر کەمتەرخەمەکان


ئەو پێنج فەرمانبەرە کەمتەرخەم بوون لە کۆنەکردنەوەی بڕی نزیکەی دوو ملیار دینار کە پەیوەست بووە بە سەرپێچییەکانی مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ و عەلوەی پارێزگاکە و وەرنەگرتنی باجی داهات لە ژمارەیەک باجدەر، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەفیڕۆدانی ئەو بڕە پارە زۆرە.


 زیانگەیاندن بە دارایی گشتی


دەستەکە ڕوونیدەکاتەوە، فەرمانبەرەکان بەهۆی هەڵە گەورەکانیانەوە زیانیان بە دارایی و بەرژەوەندییەکانی فەرمانگەی باج گەیاندووە.

جەختیش لەکراوەتەوە، ڕێکارەکانیان وایکردووە هەندێک لە باجدەران بڕی703 ملیۆن و 403 هەزار دینار بدەن، جگە لەوەش بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سامانی گوازراوە و نەگوازراوە بۆ هەشت باجدەری دیکە دەرچووە.

زانیاری زیاتر بۆ

https://channel8.com/kurdish/news/215948

https://channel8.com/kurdish/news/215861

https://channel8.com/kurdish/news/215823

شۆڕش محەمەد

53 خولەک پێش ئێستا