نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لە بەشێکی زۆرى کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوە
پووختەی هەواڵ
- نەخۆشییەکە بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە
- زیانێکی زۆری بە کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە
- ڤایرۆسەکە %30ـی بەرهەمی مریشكی سنووری سلێمانی لەناوبردووە
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی لە بەشێکی زۆر لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە و بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانى سلێمانى بە كەناڵ8ـی ڕاگەیاند، نەخۆشییەکە کێڵگە پەلەوەرییەکانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و %30ـی بەرهەمی مریشكی سنووری پارێزگای سلێمانی لەناوبردووە و زیانێكی زۆری بە خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان گەیاندووە.
لێدوانی سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان
- ساڵانە لەم وەرزەدا ئەو نەخۆشییە سەرهەڵدەدات
- حکومەت هیچ پلانێکی پێشوەختەیان نییە بۆ نەخۆشییەکە
- هیچ ڤاکسینێک بۆ نەخۆشییەکە دابین ناکرێت
- نەخۆشییەکە هیچ مەترسییەکی بۆ تەندروستی مرۆڤ نییە
گوتیشی، ساڵانە لەم وەرزەدا ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە سەرهەڵدەدات و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت هیچ پلانێكی پێشوەختەیان بۆ بەرگرتن لە نەخۆشییەكە نییە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكەش هیچ جۆرە ڤاكسینێك بۆ نەخۆشییەكە دابین ناكەن.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشییەکە دووجار بارگرانی لەسەریان دروستکردووە، لەلایەک مرداربوونەوەی مریشكی كێڵگە پەلەوەرییەكان و لەلایەكی دیكەش دەبێت لەسەر گیرفانی خۆیان ڤاكسین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە پەلەوەرییە بكڕن
نازم عەبدوڵا دڵنیایشیدا لەوەی ئەو نەخۆشییەی بڵاوبووەتەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدواداچوونیان لەسەر كردووە، كە تەنیا بۆ مریشکە و هیچ زیانێک بە تەندروستی مرۆڤ ناگەیێنێت.
خۆبژێوی لە گۆشتی مریشکدا
داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ پیشانی دەدەن، هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنى گۆشتى مریشک گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی بە ڕێژەی 150%.
ساڵانە لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 300,000 تۆن مریشک بەرهەمدەهێنرێت، لەکاتێکدا خواستی ناوخۆ تەنیا 147,000 تۆنە، سەبارەت بە هێلکەش، ساڵانە 8,640,000 کارتۆن بەرهەمدەهێنرێت، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆ تەنیا 4,680,000 کارتۆنە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/183024
2 کاتژمێر پێش ئێستا