گرووپی ڕا: چەمچەماڵ تاکە شوێنە بەنزینی حکومی تێدا نییە
پووختەی هەواڵ
- سەرەڕای ئەوەی ناوچەکەیان سەرچاوەی غاز و کارەبایە بەڵام بەنزینی حکومی تیا نییە
- دابەشکردنی بەنزینی حکومی لەهەموو ناوچەکان جگە لە چەمچەماڵ
گرووپی ڕا، نیگەرانى خۆى لە دابەشنەکردنى بەنزینى حکومى لە چەمچەماڵ دەردەبڕێت و دەڵێت: سەرەڕاى ئەوەى ناوچەکەیان سەرچاوەی غاز و کارەبا و بەنزینە، بەڵام تاکە شوێنی عێراقە بەنزینی حکومی تێدا دابەش ناکرێت.
گرووپەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەشدەکات، لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوو کە قەیرانی بەنزین سەریهەڵداوە بەنزینی نۆرماڵی حکومی کە لیتری بە 750 دینارە لەهەموو سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دابەشکراوە جگە لە شارۆچکەى چەمچەماڵ .
کێشەکانی تری چەمچەماڵ
- ژمارەی دانیشتوانی سنوووری چەمچەماڵ 280 هەزار کەسە
- بوونی کێشەی ئاو و کارەبا
- ناچاربوون بە کڕینی بەنزین بە نرخی گران
دەشڵێت: تەنیا سنووری چەمچەماڵ کە 280 هەزار دانیشتووانی هەیە سەرەڕای کێشەکانی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاری جارێکی دیکە لە مافێکی ڕەوای خۆی بێبەش دەکرێت و دانیشتووانى شارۆچکەکە ناچارن بەنرخی گرانی بازرگانی بەنزین بکڕن.
قبوڵنەکردنی ئەم ستەمە
بەپێویستیشى دەزانن، پشکی چەمچەماڵ بنێردرێت و دەڵێن: چیتر ئەم ستەمە قبووڵ ناکەن و ئەوەی تاوەکو ئێستا ڕوویداوە ئیدارە و نوێنەرانی چەمچەماڵ کەمتەرخەم و بەرپرسن و هەموو ڕێکارێک دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافەی شارۆچکەکەیان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەى هەرێمى کوردستان.
ئەوەلەکاتێکدایە، چەمچەماڵ سەرچاوەی غاز و کارەبای هەرێمى کوردستانە و بەشی زۆری بەنزین لە نەفتای کێڵگەی کۆرمۆری شارۆچکەکە بەرهەمدەهێنرێت.
گرانبوونی بەنزین مانگێکی تێپەڕاند
مانگێک زیاترە نرخی بەنزین لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە 20ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخی بەنزینی حکومیی بە 750 و بازرگانیی بە 850 دینار جێگیر کرد، بەڵام بڕیارەکە لە زۆربەی بەنزینخانەکان جێبەجێ نەکرا.
لە 22ـی تەممووز، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخێکی دیکەی سەپاند کە تێیدا لیتری موحەسەن بە یەک هەزار دینار و سوپەر بە دوو هەزار و 200 دینار دیاریکرا. بەڵام ئەم بڕیارە ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو، چونکە دوای دەرچوونی بڕیارەکە، هەردوو جۆری بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە زۆربەی بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک دیار نەمان و قەیرانەکە قووڵتر بووەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/221313
2 کاتژمێر پێش ئێستا