بۆریی سەرەکیی ئاوی دووکان - سلێمانی شکا؛ چەندین ناوچە بێ ئاو دەبن

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شکانی بۆریی هێڵی دووەمی ئاوی دووکان - سلێمانی
شکانی بۆریی هێڵی دووەمی ئاوی دووکان - سلێمانی

پووختەی هەواڵەکە:

  • بۆریی هێڵی دووەمی ئاوی دووکان - سلێمانی لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی شکا.
  • بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە قەزاکانی چەمچەماڵ و بازیان و چەندین گەڕەکی سلێمانی بێ ئاو دەبن.
  • بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت چاککردنەوەی بۆرییەکە دوو ڕۆژی پێدەچێت.
  • ڕووداوەکە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێ پەمپی نوێی هێڵەکە بخرێنەکار.

ڕوونکردنەوەی زانیاریی کە بە کەناڵ8 گەیشتووە دەریدەخات شکانی بۆریی هێڵی دووەمی ئاوی دووکان - سلێمانی لە نزیک ناوچەی قولەرەیسی، بووەتە هۆی پەککەوتنی گەیاندنی ئاو بۆ دەیان گەڕەک و شارۆچکە. ئەم گرفتە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێ پەمپی نوێ بخرێنەکار بۆ چارەسەری کەمیی ئاو، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری سنوورەکە بە تەواوی بێ ئاو ماونەتەوە.


ئەو ناوچانەی بەهۆی شکانی بۆرییەکە بێ ئاو دەبن:

  • سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، بەتایبەت ڕۆژهەڵات و باشووری سلێمانی.
  • گەڕەکەکانی کوردسات، ئیبراهیم ئەحمەد، کازیوە، وڵوبە، شێخ عەباس، کوردستی و چوارچرا و ناوچەی پیشەسازی.
  • گەیاندنی ئاو بۆ شارۆچکەکانی بازیان و تەکیە و قەزای چەمچەماڵ بە تەواوی ڕاگیراوە.
  • تیمەکانی ئاوی سلێمانی لە شوێنی ڕووداوەکەن و هەوڵدەدەن لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بۆرییەکە چاک بکەنەوە.

دۆخی هێڵەکە و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو:

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە کارکردن بۆ گۆڕینی پەمپە کۆنەکان بەردەوام بووە، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی لەکارکەوتنیانەوە زۆرینەی گەڕەکەکان ڕووبەڕووی کەمیی ئاو ببوونەوە. بڕیاربوو ئەمڕۆ بەستنی پەمپە نوێیەکان کۆتایی پێبێت و دۆخی ئاو ئاسایی ببێتەوە، بەڵام شکانی بۆرییەکە لە ناو سەنتەری شاردا جارێکی دیکە گەیاندنی ئاوی بۆ هاونیشتمانییان پەکخستووە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/137817

https://channel8.com/kurdish/news/215906

https://channel8.com/kurdish/news/144007

https://channel8.com/kurdish/news/136530

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا