عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی 13 تریلیۆن دیناری چەند بڕیارێکی توند دەدات
پووختەی هەواڵەکە:
- عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 10 ملیار دۆلار کورتهێنانی دارایی هەبووە.
- حکومەت بۆ پێنج مانگی داهاتوو پێویستی بە 50 تریلیۆن دینارە بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان.
- زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی جەیهان و سووریاوە وەک ڕێگەچارەیەکی سەرەکی دەبینرێت.
- بەغداد خاوەنی 93 ملیار دۆلار یەدەگی دراوی بیانییە و دەتوانێت لە کاتی قەیراندا سوودی لێ وەربگرێت.
زانیاری گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات کە عێراق لەبەردەم قەیرانێکی دارایی قووڵدایە، چونکە داهاتە نەوتییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان پێویستی بە گرتنەبەری چەند ڕێگەچارەیەکی نائاسایی هەیە، لەوانە زیادکردنی هەناردەی نەوت، چاکسازی گومرگی و تەنانەت دەستبردن بۆ یەدەگی دراوی بیانی.
ڕێگەچارەکان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی:
- زیادکردنی هەناردەی نەوت: عێراق کار دەکات بۆ ناردنی 750 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی کەرکووک.
- داشکاندنی نرخی نەوت: بۆ ڕاکێشانی زۆرترین کڕیار، عێراق داشکاندنی 27 تا 30 دۆلاری بۆ نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرە کردووە.
- داهاتی نانەوتی: چاکسازی لە گومرگی دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین داهات.
- وەرگرتنەوەی قەرزەکان: حکومەت دەیەوێت بەشێک لەو 64 تریلیۆن دینارە وەربگرێتەوە کە وەک پێشینە لای هاونیشتمانییان و کۆمپانیاکانە.
- یەدەگی دراوی بیانی: عێراق 93 ملیار دۆلار یەدەگی هەیە و دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، هاوشێوەی ساڵی 2014 کە یەدەگەکەی بۆ 38 ملیار دۆلار کەمبووەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی جەنگی داعش.
ئامارەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم بەغداد:
پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 46 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا داهاتەکەی تەنیا 33 تریلیۆن دینار بووە، ئەمەش کورتهێنانێکی 13 تریلیۆن دیناری دروست کردووە. بۆ پێنج مانگی کۆتایی ساڵ، وڵات پێویستی بە 50 تریلیۆن دینارە تەنیا بۆ مووچە و خەرجییە بەکاربەرییەکان. پەرلەمانی عێراق بڕیارە دانیشتنێکی نائاسایی بۆ ئەم مەبەستە ڕێکبخات و میوانداری وەزیری دارایی بکات. لە ناو لیژنەی دارایی پەرلەماندا باس لە بژاردەی قەرزکردنی دەرەکی و چاپکردنی دراوی نوێ دەکرێت، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن کە قەرزکردن بۆ مووچە دەکرێت ببێتە "خۆکوژیی ئابووری" بۆ وڵات.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/153338
https://channel8.com/kurdish/news/223698
https://channel8.com/kurdish/news/224306
https://channel8.com/kurdish/news/220998
2 کاتژمێر پێش ئێستا