شاندێکى هاوبەشى سەربازیی حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان سەردانى ئوردنى کرد

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
شاندێکی باڵای سەربازیی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئوردن
شاندێکی باڵای سەربازیی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئوردن

پووختەی هەواڵ

  • شاندى سەربازیی حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان لەگەڵ سووریا و ئوردن کۆبووەوە
  • سوپاسالاری عێراق و وەزیری پێشمەرگە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون

شاندێکی باڵای سەربازیی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی فراوان، سەردانی عەممانی پایتەختی ئوردنی کرد.



 پێکهاتەی شاندەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان


کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، عیسا عوزێر دۆڵەمەڕی، سوپاسالارى پێشمەرگە بەڕێوەچووە. لە لایەنی خانەخوێ و وڵاتانی دەوروبەریشەوە، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئوردن و سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی سوپای سووریا بەشدارییان کردووە.

ئامانج لە کۆبوونەوەکە

  •  پەرەپێدانی  پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکان
  •  ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە خێراکان و ئاڵنکارییە ئەمنییەکان
  • پرسی پاراستنی سنوورەکان سەرەکیترین تەوەرەی گفتوگۆکان بووە


فەریق روکن یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کە ئێستا ناوچەکە بەخۆیانەوە دەبینن.


تاوتوێی پرسی پاراستنی سنورەکان


هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان، تێپەڕاندنی مەترسییەکان، و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لە نێوان سوپای وڵاتاندا وەک سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکان مۆرک کران.

پەرەپێدانی کاری هاوبەش


لایەنە بەشداربووەکانى کۆبوونەوەکە، جەختیانکردەوە لەوەى، گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە پێویستى بە یەکخستنى هەوڵەکان و پەرەپێدانى کارى هاوبەش هەیە، هەروەها پاراستنى سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان و پابەندبوون بە بەردەوامی هەماهەنگییەکان و پەیوەندیی لەنێوان دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا دووپاتکراوەتەوە.


 کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی سێنتکۆم


لە پەراوێزى کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق، چاوى بە فەرماندەى گشتیى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا "سێنتکۆم" کەوتووە و گفتوگۆ کرا لە هاریکاریی و هەماهەنگییە سەربازییەکان، هەروەها دوایین گۆڕانکارییەکان و دەرەنجامە ئەمنییەکانى ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئوردن، سووریا و ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە عەمان دەکەن

ئوردن: ڕێگەنادەین خاکەکەمان بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێنرێت

راگەیەندراوى گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەبارەى هێرشەکەى سەر هێزەکانى ئەمریکا لە سنوورى ئوردن و سووریا

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا