نووسراوی نهێنی: حکومەت بە نایاسایی 51 کەسی دامەزراندووە
پووختەی هەواڵ
- نووسراوی نهێنی: زۆربەی دامەزراوەکان دەرچووی نوێن
- دەرچووی پەروەردە و کۆلێجی جیاواز بە گرێبەست دامەزراون
- زۆربەی ئەوانە دوای دەرچوونیان لەو ساڵانەدا ڕاستەوخۆ دامەزرێنراون
بە گوێرەی نوسراوێکیی نهێنی کە بەکەناڵ8 گەیشتووە، سەرەڕای ڕاگرتنی دامەزراندن، بەنووسراوێکی نهێنیی حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سۆران 51 کەسی دامەزراندووە، زۆربەشیان تازەدەرچوون.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و دەست کەناڵ8 کەوتووە؛ لە کۆتایی ساڵی 2022، 51 دەرچووی ژمارەیەک پەروەردە و کۆلێجی جیاواز بە شێوەی گرێبەست دامەزرێنراون.
وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە "زۆربەی ئەو کەسانەی دامەزراون، دەرچووی ساڵانی 2020،2021 و 2022ـن، واتە ڕاستەوخۆ پاش دەرچوونیان دامەزرێنراون".
وردەکاری دامەزراندنی 32 کەس دیکە
- وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرگری شارستانی باعەدرێ دامەزراندوون
- "دامەزراوەکان بڕوانامەیان نییە"
- لەو ژمارەیەک 12 کەسیان دەوام دەکەن
- 20 کەسیان کوڕی بەرپرسانی حیزبی و حکومین و دەوام ناکەن
دوێنێ سێشەممە، هلز ئەحمەد، پەرلەمانتارى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئاشکراى کرد 32کەس بۆ بەرگریى شارستانى باعەدرێ لە لایەن وەزارەتى ناوخۆوە دامەزرێنراو کە بڕوانامەیان نییە.
لەو ژمارەیە تەنیا 12کەسیان دەوام دەکەن، 20 کەسیان کوڕى بەرپرسانى حیزبى و حکومى دهۆکن تاوەکو ئێستا دەوامیان نەکردووە
لە ساڵی 2013 وە دەرگای دامەزراندن داخراوە
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ساڵى 2013ـەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای دامەزراندنی بەڕووی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکاندا داخستووە.
بڵاوکردنەوەی چەندین نووسراوی نهێنی دیکە لە لایەن کەناڵ8وە
لە ماوەی ڕابردوودا، کەناڵ8 ژمارەیەک نووسراوی دیکەی نهێنی بڵاوکردەوە، کە تایبەتن بە دامەزراندنی دەیان کەس لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
لە هەرێمی کوردستان دەیان هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان لە چاوەڕوانی دامەزراندندان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت خاوەن پلە باڵاکان، کە زیاتر لە 729 کەسن و سێ یەکەمەکان لە کاتی خۆیدا دانامەزرێنێت، کە ئێستا 16 هەزار و 280 کەسن.
وەستاندنی لەجێدانان
هەروەها لە چەند ڕۆژى رابردوو بۆ لەجێدانان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردە ویستیان ژمارەیەک کەس بەشێوەى لەجێدانان و بەگرێبەست دابمەزرێنن، بەڵام دیوانى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە نووسراوێکى ئومێد سەباح، ئەم دامەزراندنەى بەشێوەى گرێبەست ڕاگرت و سەدان کەس بێئومێد بوون.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڕیاڕێکی پێشوو پاشگەزدەبێتەوە
مەسرور بارزانى بە نووسراوێکی نهێنى 20 پزیشکى دامەزراندووە



1 کاتژمێر پێش ئێستا