لە هەولێر پڕۆژەى ڕووناکى پێنج ڕۆژ کارەباى لەسەر دوو خێزان کوژاندەوە
پووختەی هەواڵەکە
- دواى بەدواداچوونى کەناڵ8 کارەباى دوو خێزان هەڵکرایەوە
- دوو خێزانەکە کوڕ و باوکن و لە خانوویەکی دوو نهۆمیدا دەژین
- کەناڵ8 لایەنە پەیوەندارەکانی لە کێشەکە ئاگادار کردووەتەوە
بە گوێرەی بەدواچوونەکانی کەناڵ8، دوو خێزان لە گەڕەکی کەسنەزانی هەولێر ماوەی پێنج ڕۆژە کارەبای پرۆژەی ڕووناکییان لەسەر کوژێندرایەوە
خێزانەکان پەیوەندییان بە کەناڵ8 کرد بۆ بەدواچوونی کێشەکەیان
ئەم دوو خێزانە کە کوڕ و باوکن و لە خانوویەکى دوو نهۆمیدا دەژین، پەیوەندی بە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەن تاوەکو بەدەم چارەسەرکردنی کێشەکەیانەوە بچن، بەڵام کەس ناچێت، پاشان پەیوەندییان بە کەناڵ8 کرد.
چیرۆکەکەیان لە زاری خۆیانەوە
- پسووڵەی کارەباکەیان 285 هەزار دینار و بوو لە ئی پسووڵەوە پارەکەیان داوە
- سێ جار پەیوەندیان کردووە بە پرۆژەی ڕووناکییەوە بۆ هەڵکردنەوەی کارەباکەیان
- ماوەی پێنج ڕۆژ تێپەڕیوە و کارەباکەیان بۆ هەڵنەکراوەتەوە
ڕاستەوخۆ ئەیوب وەرتێ پەیامنێرى کەناڵ8 چووە لایان، بەمشێوەیە چیرۆکی خۆیان گێڕایەوەو هەڵگورد سەعد کە لە قاتى خوارەوەى خانووەکەدا دەژى گوتى "خوشکەزایەکم لە نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ کرا و هەموومان سەرقاڵى ئەوبووین، لە وەتسئەپەوە نامەیەکمان بۆ هات تیایدا نووسرابوو کە 285 هەزار پارەی کارەبای 20 ڕۆژ قەرزارن".
گوتى "لە ڕێگەی ئی پسووڵە پارەکەمان واسڵ کرد، بەڵام کە گەڕاینەوە ماڵەوە کارەباکەمان بڕدرابوو".
سێ جار پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی پرۆژەی ڕووناکی کردووە پێیان گووتوون لە ماوەی 24 کاتژمێردا کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەن بەڵام پێنج ڕۆژ تێپەڕیوە و کارەباکەیان نەهاتووەتەوە.
باوکی خێزانەکە نەخۆشە
هەڵگورد سەعد، گوتى "باوکم نەخۆشە و لەبەر بێ کارەبایی بردمان بۆ ماڵی خوشکەکەم لە شەقڵاوە و خۆشمان منداڵی بچووکمان هەیە و تاوەکو کاتژمێر سێی شەو لە حەوشەکەیان دەماینەوە، دراوسێیەکمان کارەبای پێداون تاوەکو لەبەر منداڵە بچووکەکەیان بتوانن موبەریدە دابگرسێنن".
هەڵگورد سەعد، بە گرێبەست دامەزراوە و وەکو خۆى دەڵێت "بە سێ مانگ جارێک 350 هەزار دینار وەردەگرێت".
تیمی کەناڵ8 کێشەکەی گەیاندووە وەزارەتی کارەبا
بۆ ماوەى پێنج ڕۆژ حاڵى ئەم دوو خێزانە لەم گەرمایەدا بەو شێوەیە دەبێت، تاوەکو تیمی کەناڵ8 لە هەولێر پەیوەندی بە وەزارەتی کارەباوە دەکەن و حاڵ و مەسەلەکەیان تێدەگەیەنن، ئەوانیش ڕاستەوخۆ تیمێک دەنێرن بۆ خانووەکە و کارەباکەى هەڵدەکەنەوە.
هەڵگورد سەعد، دواتر نامەیەکى دەنگى بۆ کەناڵ8 کرد و گوتى "کارەباکەمان هەڵکراوە و دایکوباوکیشم گەڕاونەتەوە".
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
بەراوردکاریی نرخی کارەبای ماڵان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە
وەزارەتی کارەبا داشکاندن بەڕێژەی تاوەکو 50٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕادەگەیێنێت
یەک ملیۆن و 800 هەزار هاوبەش 2.2 تریلیۆن دینار قەرزاری کارەبان؛ داتای فەرمیی شارەکان بزانە
بەهۆى نەدانى پارەى کرێى کارەبا 100 هەزار هاوبەش کارەبایان کوژاوەتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا