گۆڕانی کەشوهەوا ڕەنگی دەریاچەی ورمێی کردووە بە سوور و پەمیی

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆڕانی کەشوهەوا ڕەنگی دەریاچەی ورمێی کردووە بە سوور و پەمیی
گۆڕانی کەشوهەوا ڕەنگی دەریاچەی ورمێی کردووە بە سوور و پەمیی

پووختەی هەواڵەکە

  • بەهۆی گۆڕانکارییە وەرزییەکان و زۆربوونی ڕێژەی بەهەڵمبوون، ڕەنگی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕاوە بۆ سوور و پەمەیی.
  • بەڕێوەبەری ژینگەی ورمێ ڕایگەیاندووە ڕووداوەکە سروشتییە و بەهۆی چڕبوونی خوێ و چالاکیی هەندێک زیندەوەرەوە ڕەنگی ئاوەکە گۆڕاوە.
  • شارەزایان دروستبوونی قەوزە و بوونەوەری ئارتیما بە هۆکاری سەرەکیی گۆڕانی ڕەنگی دەریاچەکە دەزانن و ساڵانە لە وەرزی گەرمادا ئەم دیاردەیە ڕوودەدات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتوون بە کەناڵ8 ، بەهۆی گۆڕانکارییە وەرزییەکان، زۆربوونی ڕێژەی بەهەڵمبوون و کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە دەریاچەی ورمێ لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگی ئاوی دەریاچەکە گۆڕاوە بۆ سوور و پەمەیی.


هۆکارەکانی گۆڕانی ڕەنگی ئاوی دەریاچەی ورمێ

  • حوجەت جەباری، بەڕێوەبەری ژینگەی ورمێ ڕایگەیاندووە ڕووداوەکە سروشتییە و بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و زیادبوونی کرداری بەهەڵمبوون ڕوویداوە.
  • چڕیی خوێ لە هەندێک بەشی دەریاچەکە زیاد دەکات و بەوەش هەندێک زیندەوەر دەبنە هۆکار بۆ گۆڕانی ڕەنگی ئاوەکە.
  • بەڕێوەبەری ژینگەی ورمێ ئاماژەی بەوە کردووە لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری ڕەنگگرتنی ئاوەکە بەردەوامن و ساڵانە شاهێدی بینینی دیمەنی لەو جۆرەن.
  • بەگوێرەی بەرپرسانی ژینگەی پارێزگاکە، ڕێژەی سوێری لە دەریاچەکە لە هەر لیترێکدا 330 گرامە و وادەکات گیا و گیانلەبەرەکانی دەوربەری ڕەنگیان بۆ سوور بگۆڕێت.

تێڕوانینی شارەزایان و تایبەتمەندییەکانی دەریاچەکە

ساڵانە چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر دەریاچەکە کراوە و شارەزایان سوێربوونی لەڕادەبەدەری ئاوەکە، دروستبوونی قەوزە و هاتنی بەکۆمەڵی بوونەوەرێک بەناوی ئارتیما، کە بە ئاڵتوونی سووری ئێران ناسراوە، بە هۆکاری سەرەکیی گۆڕانی ڕەنگەکەی دەزانن؛ بەم هۆیەوە لە وەرزی گەرمادا دەریاچەی ورمێ دەبێتە جێگای سەرنجی ئاژانس و میدیا جیهانییەکان.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

دەریاچەی ورمێ یەکێکە لە گەورەترین دەریاچە سوێرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر ڕووبەری دەریاچەکە 5 هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە، بەڵام لە ساڵی 2022وە 80%ـی ئاوەکەی کەمیکردووە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

هەفتە بازاڕی بۆکان بووەتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ورمێ؛ گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو وشكبوون دەڕوات

قەبارەی ئاوی دەریاچەی ورمێ 170 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا