عێراق باج و گومرگ لە حەواڵەی بازرگانان پێشوەختە دەبڕێت
پووختەی هەواڵەکە:
- بڕیاری بڕینی پێشوەختەی باج و ڕسومات لە حەواڵە داراییە دەرەکییەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
- جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە وەرگرتنی "دوو باجی گومرگی" لە بازرگانان دەهێنێت.
- تێچووی گواستنەوەی کاڵا بۆ عێراق بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە ڕێژەی 10% زیادیکردووە.
- حەواڵە داراییەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی دۆلارەوە تاوەکو 60 ڕۆژ دوادەکەون.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکات کە لە 1ی ئەیلوولەوە بازرگانانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی سیستمێکی نوێی دارایی دەبنەوە کە تێیدا باج و ڕسومات پێش ناردنی پارە بۆ دەرەوە دەبڕدرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گرانبوونی تێچووی گواستنەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گۆڕینی ڕێڕەوە دەریاییەکانی کەشتیگەلی بازرگانی.
سیروان محەممەد و بازرگانانی هاوردەکار:
- لە 1ی ئەیلوولەوە بە فەرمی باج و ڕسومات لەو حەواڵە داراییانە دەبڕدرێت کە بۆ هاوردەکردنی کاڵا دەکرێن.
- لە ئێستادا بازرگانان دوو جار باج دەدەن؛ جارێک لە کاتی حەواڵەکردن بۆ عێراق و جارێکی دیکە لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل، بەڵام ئەسیکۆدا ئەمە یەکدەخات.
- بۆ ماددە خۆراکییەکان 5% باجی گومرگی و 1.5% باجی حەواڵە لە کۆی پارەکە پێشوەختە وەک بارمتە وەردەگیرێت.
- پڕۆسەی تەواوکردنی حەواڵەکان لە بانکی ناوەندی 50 بۆ 60 ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەش زیانی دارایی بە بازرگانان گەیاندووە.
دۆخی دارایی و بانکی ناوەندی:
عێراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی نەختینەی دۆلار و دابەزینی داهاتی نەوت بووەتەوە، هاوکات سنووردارکردنی ناردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە وایکردووە حەواڵەکان کاتێکی زۆر بخایەنن. بازرگانان بەهۆی ئەوەی دۆلاریان بە نرخی فەرمی (1320 دینار) بۆ دابین دەکرێت، ناچارن چاوەڕوانی کاتە درێژخایەنەکانی بانکی ناوەندی بن بۆ تەواوکردنی فاتۆرە بازرگانییەکانیان.
زانیاری لەسەر تێچووی گواستنەوە:
بەهۆی جەنگی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی ئێران، ڕێڕەوی هاوردەکردنی کاڵا گۆڕاوە بۆ سەڵتەنەتی عومان و لەوێوە بۆ بەندەری ئوم قەسر، ئەم گۆڕانکارییە تێچووی گواستنەوەی بە ڕێژەی 10% زیاد کردووە. ئەم زیادبوونە لە تێچووی گواستنەوە و باجی پێشوەختە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر یەکخستنی داهاتی گومرگ ڕێککەوتن
داهاتی گومرگی عێراق ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات
بازرگانان نرخ گران دەکەن و گومرگیش دەڵێت: هیچ گۆڕانکارییەکمان نەکردووە
49 خولەک پێش ئێستا