عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر یەکخستنی داهاتی گومرگ ڕێککەوتن
پووختەی هەواڵەکە:
- یەکی ئۆکتۆبەر سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا لە تەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
- بەپێی ڕێککەوتنی نوێ، %50ـی داهاتی گومرگی دەروازەکان بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدراڵ دەبێت.
- شەش دەروازەی سنووری لەنێوان هەولێر و بەغداد کێشەیان لەسەرە و لیژنەیەکی هاوبەش بڕیاریان لەسەر دەدات.
- جێبەجێکردنی سیستمە نوێیەکە دەبێتە هۆی لابردنی بازگە گومرگییەکانی نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکەن کە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنووسێکی هاوبەشیان بۆ یەکخستنی سیستمی گومرگی واژۆ کردووە، کە تێیدا باجی گومرگی لە سەرتاسەری وڵات یەکدەخرێت و کۆتایی بە جیاوازی نرخ لەنێوان دەروازەکاندا دەهێنرێت.
بەرپرسانی گومرگی هەرێمی کوردستان:
- هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ داخستنی ئەو شەش دەروازەیە نییە کە عێراق بە نافەرمیان دەزانێت، بەڵکو لیژنەیەکی هاوبەش بڕیاریان لەسەر دەدات.
- داهاتی مانگانەی گومرگی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ناگاتە ١٠٠ ملیار دینار.
- بەهۆی جەنگی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی ئێران، داهاتی دەروازەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان کەمی کردووە.
- کێشەی جیاوازی نرخی دۆلار لە بازاڕ و بانکەکاندا، کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەبووە.
حکومەتی فیدراڵی عێراق:
سامر قاسم داود، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ڕایگەیاندووە، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەروازەکانی هەرێم بە بەغداوە دەبەسترێنەوە. ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا"یە بۆ ئەوەی نیوەی داهاتەکان بۆ بەغداد بێت و چیتر بازرگانان ڕوو لەو دەروازانە نەکەن کە باجی کەمتریان تێدایە. بەغداد بەڵێنی داوە دوای ئەم هەنگاوە، بازگە گومرگییەکانی وەک دارەمان، چیمەن و باوە مەحموود لاببات.
زانیاریی زیاتر لەسەر دەروازەکان:
لە هەرێمی کوردستان شەش دەروازەی نێودەوڵەتی و فڕۆکەخانە هەن کە هەردوولا دانیان پێدا ناوە (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی). بەڵام شەش دەروازەی دیکە وەک (شوشمێ، پشتە، سەیرانبەن، کێلێ، سەرزێری و پێشخابوور) تەنها لای هەرێم بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و چارەنووسیان لە کۆنووسە نوێیەکەدا بەستراوەتەوە بە بڕیاری لیژنە هاوبەشەکان.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا ڕێککەوتوون داهاتەکان بەڕێژەی50 % دابەش بکەن
دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێن و داهاتەکەیان دابەش دەکرێت
کەناڵ8 ڕاسپاردەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە
بەغداد و هەولێر لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا ناکۆکن؛ مەرجی دەروازە نافەرمییەکان ڕێگرە
2 کاتژمێر پێش ئێستا