ئاگرەکەی چیای ئەزمڕ کۆنتڕۆڵ کرا

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە ئاگرەکەی شەوی ڕابردووی شاخی ئەزمڕ
دیمەنێک لە ئاگرەکەی شەوی ڕابردووی شاخی ئەزمڕ

پووختەی هەواڵەکە:

  • شەوی ڕابردوو ئاگرێکی بەرفراوان لە چیای ئەزمڕ لە دیوی سیتەک و شارباژێڕ کەوتەوە.
  • تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خۆبەخشان توانییان دوای دوو کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
  • بوونی کێڵگەی مین و بای بەهێز ڕێگر بوون لە خێرا کوژاندنەوەی بڵێسەکان.
  • ڕووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و زیاتر لە 100 دۆنم زەوی سووتاوە.

زانیارییەک گەیشتووەتە بە کەناڵ8 کە نیشانی دەدات ئاگرێکی بەرفراوان لە سنووری گوندەکانی خەمزە و قولەڕەش بەهۆی پچڕانی تەلی کارەباوە هەڵگیرساوە و بەهۆی ڕەشەبای توندەوە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە بۆ ناوچە شاخاوییەکان، کە نزیکەی کاتژمێر 10:10ی شەو دەستیپێکرد و لە کاتژمێر 12:20ی بەرەبەیان کۆنتڕۆڵ کرا.


بەرگریی شارستانی و لایەنە ئیدارییەکان:

  • فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام تیمەکان بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی بڵێسەکان لە شوێنەکە ماونەتەوە.
  • فەرهاد ساڵح، قایمقامی شارباژێڕ ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی کێڵگەی مین ئەرکی تیمەکانی قورس کردبوو و پڕۆسەی کوژاندنەوەی خاو کردبووەوە.
  • 10 تیمی جیاواز لە بەرگریی شارستانیی سلێمانی، سیتەک، شارباژێڕ، پۆلیسی دارستان و بەرگریی فریاکەوتن لە پڕۆسەکەدا بەشدار بوون.
  • هۆکاری ڕووداوەکە بۆ شۆرتی کارەبا و پچڕانی یەکێک لە تەلی ستوونەکانی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکە گەڕێندراوەتەوە.

زیانە گیانی و ماددییەکان:

لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، کەسێکی خۆبەخش لە تیمی سیتەک بە سووکی بریندار بووە و ئێستا تەندروستی جێگیرە. سەبارەت بە زیانە ژینگەییەکان، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بە سووتانی زیاتر لە 100 دۆنم لە پوش، پاوان و دارستانی سروشتیی ناوچەکە دەکەن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

لە چیای ئەزمڕ ئاگر کەوتەوە

قایمقامیەتی سلێمانی کۆمەڵێک ڕێکاری توند بۆ ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە لە گۆیژە و ئەزمەڕ ڕادەگەیێنێت

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی کەوتنەوەی 5 ئاگر لە یۆنان

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا