12 وڵات سەرکۆنەی هێرشەکانی ئيسرائيل بۆ سەر سووريا دەکەن
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەو وڵاتانە هێرشەکە بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار ناو دەبەن
- هێرشەکە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریایە
وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتی عەرەبی و موسڵمان هێرشى ئیسرائیلیان بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو زهور لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا سەرکۆنە کرد و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە ناویانبرد.
ڕاگەیێنراوی هاوبەشی 12 وڵاتەکە
لە ڕاگەیێنراوێکى هاوبەشدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئوردن بڵاوکراوەتەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، سعودیە، قەتەر، جەزائیر، لوبنان، فەلەستین، تورکیا، ئيندۆنيزيا، مالیزیا، مۆریتانیا، سۆماڵ و پاکستان نیگەرانی قووڵیان دەربڕی سەبارەت بە بەردەوامی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" بۆ سەر خاک و ژێرخانی سووریا.
هەڕەشە لە هەوڵەکانی سووریا
- هێرشەکان هەڕەشەیە لەسەر هەوڵەکانی سورویا بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و بونیاتنانەوەی دامەزراوەکان.
- بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.
- هێرشەکان پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز دەکات.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو دەستدرێژییە هەڕەشە لە هەوڵەکانی سووریا دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی و چارەسەرکردنی لێکەوتە مرۆییەکانی ساڵانێک لە جەنگ.
وەزیرەکان هۆشدارییاندا لەوەی کە بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەتوانێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر پەرەپێبدات و ئاشتی و سەقامگیری تێکبدات و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز بکات.
داوای هەڵوێستی پتەو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
ئەوان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستێکی پتەو و پرەنسیپی دژ بە دەستدرێژیی ئیسرائیل بگرنەبەر و ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەشت هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی سەربازیی ئەبو زهور لە سنووری پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، تەلئەڤيڤ ڕایگەیاند، کە هێرشەکە بۆ ڕێگری کردن بووە لە فراوانبوونی هەژموونی سەربازیی تورکیا لەو ناوچەیە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئیسرائیل بۆ سووریا: جێگیرکردنی هێزی تورکیا لە وڵاتەکەتان مەترسییە بۆ سەر ئێمە
ئەمریکا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەزانێت
فڕۆکەخانەی ئەبوو زهوور لە ئیدلیب بە 8 هێرش کرایە ئامانج
تورکیا تۆمەتەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە جێگیرکردنی هێز لە سووریا ڕەتدەکاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا