باراک: تورکیا ئامانجی ئەو فڕۆکانەی نەدەزانی کە سووریایان بۆردوومان کرد
پووختەی هەواڵەکە:
- تۆم باراک: تورکیا تاوتوێی هەستاندنی فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی کردبوو.
- تۆم باراک:تیۆرییەک هەیە باس لەوە دەکات ئیسرائیل گێچەڵى بە تورکیا کردبێت.
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، لەبارەی بۆردوومانکردنی بنکەیەکی ئاسمانیی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ڕایگەیاند، پاش ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەو سنووری تورکیا دەجوڵان، ئەنقەرە تاوتوێی هەستاندنی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی کردووە.
لێدوانی تۆم باراک لە بارەی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و تورکیاوە
تۆم باراک لە دیمانەیەکدا لەبارەی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەهۆی سووریاوە دوا و ڕایگەیاند، تیۆرییەک هەیە باس لەوە دەکات ئیسرائیل گێچەڵى بە تورکیا کردبێت.
- مەترسی نزیکبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە سنووری تورکیا.
- هاتووچۆی فڕۆکەی جەنگی بێ ڕێککەوتنی پێشوەختە یارییەکی زۆر مەترسیدارە.
- تورکیا زانیاری لەسەر ئامانج و ئاڕاستەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل نەبووە.
- زانیاری هەواڵگری هەبووە لەسەر جوڵەی سەربازیی تورکیا بۆ بنکەی سەربازییەکەی سووریا
باراک باسی لەوە کرد، پاش نزیکبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە سنووری تورکیا، ئەنقەرە تاوتوێی هەستاندنی فڕۆکەکانی خۆی کردووە و گوتی: "هاتوچۆی فڕۆکەی جەنگی لەسەر سنوور بێ ئاگادارکردنەوە و بێ ڕێککەوتن، یارییەکی زۆر مەترسیدارە".
مەترسی پێشڕەوی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل
گوتیشی: "لەگەڵ بینینی پێشڕەویی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەو سنووری تورکیا، تورکیا زانیاریی لەبارەی ئامانج، ئاڕاستە و مەبەستی فڕۆکەکان نەبوو".
باراک ئاشکرایکرد، زانیاریی هەواڵگری لە بەردەستی ئیسرائیلدا هەبووە کە ڕەنگە سەرباز یان پێکهاتە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکە هەبن. ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتەکە بەر لە هێرشەکە گەیشتووەتە لایەنی ئەمریکی و گوتی: "پێیان گوتین هەندێک زانیاریی هەواڵگری هەیە کە ڕەنگە جوڵەی سەربازیی تورکیا بۆ ئەو بنکەیە هەبێت و ئێمە زۆر نیگەرانین لەم ڕەوشە".
ئەمریکا لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگرییە بەدواداچوونی کردووە
باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە تورکیا دەڵێت، واشنتن ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانییەوە بەدواداچوونی پێویستی کردووە و دڵنیابووەتەوە لەوەی هێزی تورکیا ناچێتە ئەو ناوچەیە.
تۆم باراک ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا نایەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل یان بچێتە ناو هیچ ململانێیەکی سەربازیی و دوژمنکارانەوە، گوتیشی: "ئەمە بۆ ناوچەکە و بۆ تورکیا باش نابێت".
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
12 وڵات سەرکۆنەی هێرشەکانی ئيسرائيل بۆ سەر سووريا دەکەن
ئیسرائیل بۆ سووریا: جێگیرکردنی هێزی تورکیا لە وڵاتەکەتان مەترسییە بۆ سەر ئێمە
تورکیا تۆمەتەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە جێگیرکردنی هێز لە سووریا ڕەتدەکاتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا