پڕۆژەی ڕووناکی: 300 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنیان داوەتەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- پڕۆژەی ڕووناکی: 18 ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆن.
- زۆرینەی ئەو هاوبەشانەى قەرزیان داوەتەوە ماڵانن.
- پڕۆژەی ڕووناکی بۆ هاوبەشان: لە 50 ڕۆژدا پارە نەدەن کارەباکەتان دەبڕدرێت.
بەگوێرە داتا فەرمییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، تاوەکو ئێستا 300 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان قەرزی کۆنیان داوەتەوە. 75٪ـی لە ڕێگەی سیستمی (ئی-پسوڵە) پارەیان داوە.
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، کە تەنیا 18 ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبا و هانی تەواوی هاوبەشان دەدات کە لەم ماوە کورتەدا سوود لە بڕیارەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.
زۆرینەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا قەرزەکانیان داوەتەوە، لە هاوبەشانی ماڵان پێکهاتوون و لە دوای ئەوانیش هاوبەشانی جۆرەکانی دیکە دێن.
- بڕیاری داشکاندنی %50 لە قەرزی کۆن بۆ یەکجارە و درێژ ناکرێتەوە.
- داشکاندنی قەرزی کۆن لە ڕێکەوتی 10ـی ئەیلوولدا بە یەکجاری کۆتایی دێت.
- داشکاندنی قەرزی کۆن پسوڵە نوێیەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیاری داشکاندنی 50% بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، داشکاندنی 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، پیشەوەران و فەرمانگە میرییەکان، تەنیا بۆ یەکجارە و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە، بەڵکو لە ڕێکەوتی 10ـی ئەیلوولدا بە یەکجاری کۆتایی دێت.
ئەوانەی قەرزەکانیان نادەنەوە
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاوبەشانەی قەرزەکانیان نادەنەوە، ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە دوای وادەی کۆتایی (10ـی ئەیلوول)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی کارەبا و تیمی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدەن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕە قەرزە کۆنانەی کە لای هاوبەشان دەمێنێتەوە.
هاوکات، پڕۆژەی ڕووناکی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیاری داشکاندن و دانەوەی قەرزی کۆن، پسوڵە نوێیەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە.
پچڕانی کارەبا بەشێوەیەکی خۆکارانە
بە پێویستى دەزانێت هاوبەشانی کارەبا بەردەوام بن لە پارەدانی پسوڵەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە ماوەی 50 ڕۆژدا، هۆشداریان پێدەدات ئەگەر ئەوە نەکەن لە ڕێگەی سیستمەکەوە بە شێوەیەکی خۆکارانە کارەباکەیان دەپچڕێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتى کارەبا ماوەى 38 رۆژى دیاریکرد بۆ دانەوەى قەرزى کۆنى کارەبا کە لە 3ـى ئاب دەستیپێکرد و 10ـى ئەیلوول کۆتایى دێت.
لە هەرێمى کوردستان نزیکەى دوو ملیۆن هاوبەشى کارەبا هەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتی کارەبا داشکاندن بەڕێژەی تاوەکو 50٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕادەگەیێنێت
لە هەولێر پڕۆژەى ڕووناکى پێنج ڕۆژ کارەباى لەسەر دوو خێزان کوژاندەوە
لە مانگی شەشدا نیوەی هاونیشتمانییان لە پرۆژەی ڕووناکی کەمتر لە 34 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا