وەزیرانی دەرەوەی ئێران و قەتەر لە تاران کۆبوونەوە

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران پێشوازی کرد لە شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، فۆتۆ: AFP
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران پێشوازی کرد لە شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، فۆتۆ: AFP

پووختەی هەواڵەکە:

  • دوواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی گەرووی هوورمز تاوتوێکراوە
  • تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە.


لێدوانی میدیای فەرمی ئێران



بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی پەیوەست بە دوواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی ئێستای گەرووی هوورمز و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ و گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

لەبارەی سەردانەکەوە، پێشتر ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس، ڕایگەیاندبوو، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز، سەردانی تاران دەکات.

وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتی دیکەش سەردانی تارانیان کردووە


سەردانەکەی ئالسانی لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەریەکە لە عاسم مونیر، سوپا سالاری پاکستان و بەدر بوو سەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان سەردانی تارانیان کرد و تاوتوێی دوواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و دانوستانەکان و دۆزخی گەرووی هوورمزیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کرد.

ئالسانی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتووەتە تاران و بڕیاریشە چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئێران بکەوێت.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

سوپای پاسداران: لەگەڵ عوممان لە بارەی گەرووی هوورمزەوە گەیشتووینەتە ڕێککەوتن

ئێران مەرجەکانی بۆ کردنەوەی کاتیی گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات

بەدر بوسەعیدی: بەمنزیکانە کردنەوەی ڕێڕەوێکی کاتی لە هوورمز ڕادەگەیێنرێت

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا