عەلى زەیدى بۆ وەزارەتی نەوت: بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- عەلى زەیدى: تاوەکو ساڵى 2030 ئاستى بەرهەمهێنان دەگەیێنینە 10 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە
- پەلە کردن لە پەره پێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و توانای هەناردەکردنی نەوت.
- غازی هاوەڵ وەبەرهێنانی تەواوەتی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆ دابین بكات.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوادەکات، بەرهەمهێنان و گەڕانى نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت و تاوەكو ساڵى 2030 ئاستى بەرهەمهێنان بكاتە 10 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە.
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوت
عەلى زەیدى، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکانی نەوت و دارایی عێراق، داوای لە وەزارەتى نەوت کردووە، دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق گونجاو بێت لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و توانا نەوتییەکان و ژمارەی دانیشتووانەکەی، بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و گەشەپێدان دابین بکات.
زەیدى، داواشیکردووە، پەلە بكرێت لە پەره پێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و توانای هەناردەکردنی نەوت، بەو جۆرەی هاوتایە لەگەڵ زیادبوونی چاوەڕوانکراوی بەرهەمهێنان.
وەبەرهێنان لە غازی هاوەڵ
گوتووشیەتى، غازی هاوەڵ وەبەرهێنانی تەواوەتی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆ دابین بكات و سنوورێکیش بۆ بەفیڕۆچوونی دابنرێت.
زیادکردنی بڕی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، عەلى زەیدى، داوای لە وەزارەتى نەوت کردووە، بڕی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، کارەکانی گەڕان بە دوای نەوتیشدا فراوان بكرێن.
زەیدى باسی لەوەشکردووە، کار بۆ بەدیهێنانی پلانی گەیشتن بە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتى ڕۆژانە دەکەن، تاوەکو ساڵی 2030، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
مانگى ڕابردوو عێراق زیاتر لە 60 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە گەرووى هوورمزەوە هەناردە کردووە
هەناردەى نەوتى عێراق لە بەندەرەکانى باشوورەوە گەیشتووەتە 2.1 ملیۆن بەرمیل
کۆمپانیاى نەوتى ناوەند: بەرهەمهێنانمان گەیشتەوە هەمان ئاستى پێش جەنگەکە
عێراق وردەکاریی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە بۆ بانیاس تاوتوێ دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا