تاران ڕەوانەکردنی دۆسیە ئەتۆمییەکەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەتدەکاتەوە

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەنگیدا لەسەر ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش.
  • وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیارەکە بە بێئەنجام ناودەبات و هۆکاری کێشەکان بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگەڕێنێتەوە.
  • لە کۆی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ئاژانس، 23 وڵات بە بەڵێ و سێ وڵات بە نەخێر دەنگیان دا.
  • بەهۆی بۆردومانەکانەوە چارەنووسی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نادیارە و پشکنەران دەستیان پێڕاناگات.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە فەرمی بڕیاری ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکردووە، ئەمەش کاردانەوەی توندی تارانی لێکەوتووەتەوە. ئێران هەنگاوەکە بە سیاسی ناودەبات و جەختدەکاتەوە دەستڕانەگەیشتنی پشکنەران بە وێستگەکان لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە، هاوکات ئامادە نییە ڕێگە بە گەڕانەوەی تیمەکانی ئاژانس بدات.


هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران

  • ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند ئەم بڕیارە هیچ ئەنجامێکی نابێت و تەنیا بەسیاسیکردنی ئاژانس و تێکدانی بنەماکانی پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بەدوادا دێت.
  • ئێران دەڵێت دەستڕانەگەیشتنی ئاژانس بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەهۆی کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بووە و دەبوو ئاژانس ئەو هێرشانە سەرکۆنە بکات.
  • تاران ئاماژە بەوە دەکات یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئاژانس دەنگیان بە پڕۆژەکە نەداوە و دەنگدەرانی دیکەش لەژێر گوشاری واشنتندا بوون.
  • محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی جەختی کردووەتەوە کە داواکاریی پشکنینەکان تەنیا بۆ زانینی ئاستی زیانەکانی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و وڵاتانی ڕۆژئاوا

پڕۆژەبڕیارەکە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاوە خرایە دەنگدانەوە بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنەکانی و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی پشکنەران؛ لە دەنگدانەکەدا 23 وڵات بە بەڵێ دەنگیان پێدا لە بەرامبەردا ڕووسیا، چین و نەیجەر بە نەخێر دەنگیان دا و 8 وڵاتیش دەنگیان نەدا. ئەم بڕیارەی ئاژانس لە کاتێکدایە کە بەهۆی بۆردومانەکانی چەند مانگی ڕابردووەوە چارەنووسی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە نادیاری ماوەتەوە و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی لەبارەی کەرتی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە زیاتر کردووە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران لەسەر پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ڕێکدەکەون

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: کازاخستان ئامادەیە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران وەربگرێت

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارێکی لەبارەی ئێران دەرکرد

سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا