شەڕى نێوان هێزەکانى حکومەت و حوسییەکان لە یەمەن بەردەوامە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • شەڕى نێوان هێزەکانى حکومەت و حوسییەکان لە یەمەن بەردەوامە.
  • بەهۆى ئاڵۆزییەکانی بابولمەندەب و هوورمز نرخى نەوت بەرزبووەتەوە.
  • نەتەوەیەکگرتووەکان: ململانێ و جەنگ لە یەمەن گەیشتووەتەوە ئاستى پێش ساڵى 2022.

لە بارەى دوایین پەرەسەندنە مەیدانییەکان، ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە، هێزەکانى حکومەتى یەمەن و حوسییەکان لە دەوروبەرى بەڕێوەبەرایەتیی مەزاریقى سەر بە پارێزگاى جەوف ڕووبەڕووى یەکدى بوونەتەوە.


گۆڕانکارییەکان خێران لە یەمەن

  • هێزەکانى حکومەت ناوچەى بورج خەیت یان کۆنتڕۆڵکردووە و لە پێشڕەویدان بەرەو مەزاریق.
  • لە لایەکى دیکەشەوە، کۆنتڕۆڵکردنى شارى مەخا لە لایەن حوسییەکانەوە کە شارێکى ستراتیژیى نزیک گەرووى بابولمەندەبە، ئاسایشى دەریاوانى لە گەرووەکەدا کەوتووەتە مەترسییەوە، بەو پێیەى دواى ئاڵۆزییەکانى گەرووى هوورمز، گرنگى بابولمەندەب بۆ هاتوچۆی دەریایی زیادیکردووە.
  • بەهۆى زيادبوونى هێرشەکان لە گەرووى بابولمەندەب و گەرووى هوورمز، نرخى نەوتی خاوی برێنت بەرزبووەتەوە بۆ 108 دۆلار.
  • ئەنجوومەنى بەرگریی سەربە حکومەتى یەمەن، ڕەتیکردەوە، خاکى یەمەن ببێتە سەکۆیەک بۆ وڵاتان و ئاسایشى دەریاوانیی نێودەوڵەتى، دووپاتیشیکردەوە، پڕۆسەى بەرپەرچدانەوە تەنیا لە بەرەیەک و ناوچەیەکدا کورتنابێتەوە.
  • نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە یەمەن ڕایگەیاند، ڕووبەرى ململانێ و جەنگ لە یەمەن گەیشتووەتەوە ئاستى پێش ئاگربەستى ساڵى 2022.
  • نوێنەرى سعودیەش لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئاشتى دەوێت، بەڵام کەمتەرخەم نابێت لە بەرامبەر ئاسایشى نەتەوەیی.

ماوەى هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادانى توند لە نێوان هێزەکانى حکومەت و چەکدارانى حوسى لە چەند بەرەیەکەوە لە یەمەن دەستیپێکردووە، حوسییەکان سعودیە تۆمەتبار دەکەن بە بۆردوومانکردنى پێگەکانیان و گرتووخانەى شارى جەوف، هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعییەت لە یەمەن ڕایگەیاندووە، بەهۆى هێرشى حوسییەکانەوە بۆ دامەزراوە مرۆیی و ئابوورییەکان لە چەند شارێکى سعودیە 73 کەس برینداربوون، هاوپەیمانێتییەکە، هێرشەکانى بە پەرەسەندنێکى مەترسیدار ناوبردووە.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

یەمەن و سعودیە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە هێرشی حوسییەکان دەبنەوە

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە سەرکۆنەى هێرشەکانى سەر سعودیە دەکات

سعودیە هاوپەیمانییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی حوسییەکان پێکدەهێنێت

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا