دواى 10 ساڵ کۆتایی بە ناوچەى قەدەغەکراو لە ئاسمانى عێراق هات
پووختەی هەواڵەکە:
- تەواوى ئاسمانەکەى بەڕووى هاتوچۆى فڕۆکەى مەدەنى کراوە دەبێت.
- مانگى ئاب 12 هەزار گەشتى مەدەنى لە ئاسمان و فڕۆکەخانەکانى عێراق تۆمارکراوە.
دواى 10 ساڵ کۆتایی بە ناوچەى قەدەغەکراو لە ئاسمانى عێراق دێت و تەواوى ئاسمانەکەى بەڕووى هاتوچۆى فڕۆکەى مەدەنى کراوە دەبێت، بەگوێرەى ئامارەکانیش لە مانگى ڕابردوودا 12 هەزار گەشتى مەدەنى لە ئاسمان و فڕۆکەخانەکانى عێراق تۆمارکراون.
چیتر ئاسمانی عێراق بۆ کردەوە سەربازییەکان بەکار ناهێنرێت
- بە فەرمى لەلایەن تیمى بەڕێوەبردنى بوارى ئاسمانى لە ناوەندى ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکان، ئاگادارکراونەتەوە کە ناوچە ئاسمانییە سەربازییەکان لە ڕێبەرى ئاسمانیی عێراق لابراون و چیتر بۆ کردەوە سەربازییەکان بەکارناهێنرێن.
- هەموو ئەو ناوچانەى قەدەغەکراوبوون لە بەشى خۆرئاواى وڵات (لە باکوورەوە بۆ باشوور)، ڕادەستى کۆمپانیاى گشتیی بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان کراوە.
- قەدەغەى هاتوچۆى فڕۆکەى مەدەنى بە ئاسمانى خۆرئاواى عێراق، لە ساڵى 2026-2017 دەستیپێکردووە.
- نەهێشتنى قەدەغەکە ئاسانکاریی دەکات بۆ زیادکردنى ئاڕاستەى نوێ بۆ گەشتە ئاسمانییەکان و دەبێتە هۆى زیادکردنى داهاتى نیشتمانیی وڵات.
ئیهاب سەعد کەریم، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیی بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە فەرمى لەلایەن تیمى بەڕێوەبردنى بوارى ئاسمانى لە ناوەندى ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکان، ئاگادارکراونەتەوە کە ناوچە ئاسمانییە سەربازییەکان لە ڕێبەرى ئاسمانیی عێراق لابراون و چیتر بۆ کردەوە سەربازییەکان بەکارناهێنرێن.
کردنەوەی ناوچەکان بە ڕووی فڕۆکە مەدەنییەکاندا
ڕوونیشیکردەوە، هەموو ئەو ناوچانەى قەدەغەکراوبوون لە بەشى خۆرئاواى وڵات (لە باکوورەوە بۆ باشوور)، ڕادەستى کۆمپانیاى گشتیی بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان کراوە تاوەکو بەڕووى فڕۆکە مەدەنییەکاندا بکرێتەوە.
زیادکردنی گەشتە ئاسمانییەکان و زیادکردنی داهاتی گشتی
بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیی بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان ئاشکراشیکرد، قەدەغەى هاتوچۆى فڕۆکەى مەدەنى بە ئاسمانى خۆرئاواى عێراق، لە ساڵى 2026-2017 دەستیپێکردووە، نەهێشتنى قەدەغەکە ئاسانکاریی دەکات بۆ زیادکردنى ئاڕاستەى نوێ بۆ گەشتە ئاسمانییەکان و دەبێتە هۆى زیادکردنى داهاتى نیشتمانیی وڵات.
ژمارەی گەشتە تۆمارکراوەکانی مانگی ڕابردوو
لەلایەکى دیکەوە، بەگوێرەى ئامارەکانی وەزارەتى گواستنەوە، لە مانگى ڕابردوودا 12 هەزار گەشتى مەدەنى لە ئاسمان و فڕۆکەخانەکانى عێراق تۆمارکراوە، کە نۆ هەزار و 536 گەشتیان فڕین و نیشتنەوەى فڕۆکە مەدەنییەکان بووە لە فڕۆکەخانەکانى عێراق، لەگەڵ سێ هەزار و 275 تێپەڕبوونى فڕۆکەى مەدەنی بە ئاسمانى عێراقدا.
هەروەها لە کۆى هاتوچۆ ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانى عێراق، 45%ـى گەشتەکان لە فڕۆکەخانەى بەغداد، 23% لە فڕۆکەخانەى نەجەف، 17% فڕۆکەخانەى هەولێر و لە 15% لە فڕۆکەخانەکانى دیکە بووە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتى گواستنەوە: لە پێنج کاتژمێردا زیاتر لە 60 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون
کایەی ئاسمانی عێراقی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە
دەزگای فڕۆکەوانیی ئەورووپا: تاوەکو 31ی ئاب بەسەر ئاسمانی عێراق، ئێران و لوبناندا مەفڕن
57 خولەک پێش ئێستا