وەزیرى پلاندانان: پێویستە لە دامەزراندنى میلاکى نوێ و گرێبەستەکان پشکى هەرێمى کوردستان 14.14% بێت

ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجە لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
  • وەزیرى پلاندانان: ناگەڕێینەوە سەر ڕێژەى پێشووى دانیشتووان کە 12.67%ـە.
  • وەزیری پلاندانان :ئێستا هەرێمى کوردستان داواى زیاتر لە 14%ـى پشکى خۆى لە بەشە بودجەى عێراق دەکات.

وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان لە بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8 ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیران سەردانى کردوون و باسیان لەکارەکانى وەزارەتەکەیان و هەوڵەکان بۆ دابینکردنى پشکى هەرێمى کوردستان و چەشپاندنى ڕێژەى 14.14ـى دانیشتووان لە پرۆژەیاساى بودجە کردووە.



هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی ڕێژەی زیاتر لە %14ی پیشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵی

  • بەگوێرەى سەرژمێریی گشتیی عێراق، ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14.14%ـیە.
  • ستەم لە هەرێمى کوردستان کراوە و بەشێک لە ناوچەکانى هەولێر و دهۆک لەسەر پارێزگاى نەینەوا هەژمارکراوە.
  • دارا ڕەشید :لەو باوەڕەدانین حکومەتى ئێستا بە سەرۆکایەتى عەلى زەیدى ستەم لە هەرێمى کوردستان بکات و بگەڕێنەوە بۆ 12.67% وەک پشکى هەرێمى کوردستان.
  • لە ناوچە دابڕێنراوەکان ستەم لە کورد و پێکهاتەکانى دیکە کراوە و ستەمەکەش لە دیالەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو دەگاتە شنگال و ئەنجامى سەرژمێرى 1957 نەکرایە بنەما یەکلاییکردنەوەى دانیشتووانەکەیان.


دارا ڕەشید، وەزیرى پلاندانان لەبارەى ژمارەى دانیشتووانەوە گوتى، بەگوێرەى سەرژمێریی، ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14.14%ـیە، بۆیە ئێستا هەرێمى کوردستان داواى زیاتر لە 14%ـى پشکى خۆى لە بەشە بودجەى عێراق دەکات.

بەشێک لە ناوچەکانى هەولێر و دهۆک لەسەر پارێزگاى نەینەوا هەژمارکراوە



وەزیرى پلاندانان دەڵێت، بەم ئەنجامەش ستەم لە هەرێمى کوردستان کراوە و بەشێک لە ناوچەکانى هەولێر و دهۆک لەسەر پارێزگاى نەینەوا هەژمارکراوە و بەم ناوچانەوە دانیشتووانى هەرێمى کوردستان دەگاتە 15.14% بەڵام هەرێمى کوردستان ئێستا جەخت لە 14.14% دەکاتەوە، چونکە ئەو ئامارە بە ئامادەبوونى سەرۆکوەزیرانى پێشوو ڕاگەیێنراوە.
دەشڵێت، لەو باوەڕەدانین حکومەتى ئێستا بە سەرۆکایەتى عەلى زەیدى ستەم لە هەرێمى کوردستان بکات و بگەڕێنەوە بۆ 12.67% وەک پشکى هەرێمى کوردستان.



لە ناوچە دابڕێنراوەکان ستەم لە کورد کراوە و ئەنجامی سەرژمێری 1957 نەکراوەتە بنەما


دارا ڕەشید وەزیرى پلاندانان لەبارەى ئەنجامەکانى سەرژمێرى لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەڵێت، لەو ناوچانە ستەم لە کورد و پێکهاتەکانى دیکە کراوە و ستەمەکەش لە دیالەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو دەگاتە شنگال و ئەنجامى سەرژمێرى 1957 نەکرایە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەى دانیشتووانى ئەو ناوچانە کە پێشتر بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران دەبوو ئەنجامەکان بەو جۆرە هەژماربکرێن، بەڵام حکومەتى فیدراڵ لە بڕیارەکانى خۆى پاشگەزبووەوە و ئەو بڕیارانەش کە ئێستا دراون و دژن لەگەڵ بڕیارەکانى پێشوو، لەڕووى یاساییەوە بێ بنەمان و هەرێمى کوردستان لەسەر هێڵ و لە گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە.

گوتیشی، لەمەودوا لە یاساى بودجە پێویستە ماف و شایستەکانى گرێبەستەکان و دامەزراندنى میلاکاتى نوێ بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان بێت کە 14.14%ـیە.


 ئامانجی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ وەزارەتی پلاندانان


لەبارەى ئامانجى سەردانى قوباد تاڵەبانى بۆ وەزارەتى پلاندانان دارا ڕەشید ڕایگەیاند، ئامانجى سەردانەکە بۆ بەدواداچوون بووە لەسەر کارەکانى وەزارەتى پلاندانان و دەشڵێت، "وەزارەتەکەى ئێمە سەرپەرشتى بەشێکى گرنگى دۆسیەکانى هەرێمى کوردستان دەکات و بەتایبەت گواستنەوەى کوالێتى کۆنترۆڵ لە وەزارەتى داراییەوە بۆ وەزارەتى پلاندانان و هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەى کارەکانى کوالێتى کۆنترۆڵ لە سەرجەم دەروازە و فرۆکەخانەکانى هەرێمى کودرستان.
گوتیشى، کوالێتى کۆنترۆڵ تەنیا دەرمان ناگرێتەوە، بەڵکو خواردەمەنى و سەرجەم کەرەستەکان دەگرێتەوە و هەرێمى کوردستانیش دەروازەیەکە بۆ عێراق، بۆیە گرنگە ئەو کەرەستانەى هاوردە دەکرێن، سەرجەم مەرجەکانى هاوردەکردنیان تێدابێت.

وەزیرى پلاندانان باسی لەوەشکرد، ئێستا پشکنینى خواردەمەنى، کەرەستە و کەلوپەل و پێداویستى هاونیشتمانییان جگە لە دەرمان کە لاى وەزارەتى تەندروستییە، ئەوانەى دیکە وەزارەتى پلاندانان سەرپەرشتى دەکات و پلانیان هەیە کارەکان لەو بوارە بەتەواوى ڕێکبخەنەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

شاندی دارایی هەرێمی کوردستان: داوامانکردووە پشکی 14% لە بودجەی 2027 جێگیر بکرێت

وردەکارییەکانی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا

تەنها مووچە نا، پشکی بودجەمان دەوێت؛ مەرجە نوێیەکانی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵ

عیزەت سابیر: هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای پشکی بودجە بکات نەک تەنیا مووچە

ئارام قەرەداغی

1 کاتژمێر پێش ئێستا