کۆتا هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بەسەر پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- پێش 30ـی ئەیلوول، هاوکاریی دارایی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوولی هاوپەیمانان پێکەوە دابەش دەکرێت.
- کۆی بڕی هاوکارییەکە 12 ملیار و 956 ملیۆن دینارە و بەسەر 79 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەردا دابەش دەکرێت.
- ئەم بڕە وەک کۆتا هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دیاریکراوە.
- وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە هاوپەیمانان کردووە هاوکارییە دارایی و لۆجستییەکان بۆ ساڵانی داهاتوو بەردەوام بن.
زانیارییەک کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، پرۆسەی پێدانی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگاتە وێستگەی کۆتایی و بەر لە کۆتایی ئەم مانگە هاوکاریی دوو مانگ پێکەوە دەخرێتە سەر هەژماری پێشمەرگە، هاوکات هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوەی ئەو هاوکارییانە بۆ ساڵانی داهاتوو دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی ژمێریاری:
- پێش 30ـی ئەیلوول هاوکاریی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول پێکەوە دابەش دەکرێت کە وەک کۆتا هاوکاریی هاوپەیمانان ئەژمار دەکرێت.
- کۆی پارەکە 12 ملیار و 956 ملیۆن دینارە، بە جۆرێک بۆ هەر مانگێک بڕی 6 ملیار و 478 ملیۆن دینار دیاریکراوە.
- هاوکارییەکە 79 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەر دەگرێتەوە و پشکی هەر یەکێکیان 164 هەزار دینار دەبێت.
- ڕێکارە ئیدارییەکان تەواو کراون و پارەکە لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ەوە دەخرێتە سەر هەژماری هێزەکانی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان:
وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی داوای لە هاوپەیمانان کردووە هاوکارییە دارایی و لۆجستییەکانیان بۆ ساڵانی داهاتوو بەردەوام بێت. پێشتریش شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کاتی ڕاگەیاندنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەت، باسی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و ئیتاڵیا لە بوارەکانی مەشق، راوێژ، لۆجستی و هاوکاریی دارایی کردبوو.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتى پێشمەرگە تاوەکو30ـى ئەیلول بەردەوام دەبێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا